دۆناڵد ترەمپ رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین بۆ دابینكردنی سووتەمەنی راگەیاند
دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، گفتوگۆیەكی زۆر سەركەوتووی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا ئەنجامداوە و تێیدا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی روسیا دەستبەجێ بڕی زیاتر لە 300 هەزار تۆن سووتەمەنی دیزڵ واتا (گازوایل) بۆ بازاڕەكانی ئەمریكا و جیهان دابین بكات.
بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكی ئەمریكا كە لە "ترووس سۆشیال" بڵاویكردووەتەوە، روسیا لە مانگی یانزەدا 500 هەزار تۆنی تر و دواتریش یەك ملیۆن تۆنی تر گازوایل رەوانەی بازاڕەكان دەكات. هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە لە ماوەیەكی كورتدا و بەپێی دۆخی پاڵاوگەكانیان، روسیا بڕی 3 ملیۆن تۆنی تریش لەو سووتەمەنییە تەسلیم دەكات.
ترەمپ تەئكیدی لەوەكردووەتەوە كە بەهۆی كۆنترۆڵی تەواو بەسەر گەرووی هورمز و ئەم رێككەوتنە گەورەیەی وزە لەگەڵ روسیا، نرخی گازوایل بۆ ئەمریكییەكان و تەواوی جیهان بە خێرایی و بە شێوەیەكی پێوانەیی دادەبەزێت. ئەو ئاماژەی بەوەش كردووە، دابەزاندنی نرخەكان بۆ گەلی ئەمریكا، بەتایبەتی بۆ جووتیاران، ئاژەڵداران و شۆفێرانی بارهەڵگر، لە كارە هەرە لەپێشینەكانی ئەوە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا، دۆناڵد ترەمپ تیشكی خستووەتە سەر پرسی ئەمنی ناوچەكە و وەك دەیان و سەدان جاری تر رایگەیاندووە، دەبێت ئەوە روون بێت كە ئێران نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.