پارێزگاری حەسەكە بۆ خۆپیشاندەران: بەوپەڕێ رێزەوە گوێ لەدەنگی ئێوەدەگرین

کوردستان 07:55 PM - 2026/10/09

لەحەسەكە رێگری لەهێرشی هۆزە عەرەبەكان بۆ سەر گەڕەكە كوردییەكان كرا و ئاسایش و هێزە ئەمنییەكان بڵاوەیان بەكۆبوونەوەی ئەو عەرەبانە كرد كەلەدوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لەچەند شوێنێكی شارەكە خۆیان بۆ هێرشكردنە سەر كورد ئامادە دەكرد و داوای چەسپاندنی دەسەڵاتی چەكدارانی دیمەشقیان دەكرد.
دوو رۆژە دۆخێكی ئاڵۆز لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان سەری هەڵداوە دوای ئەوەی شەوی رابردوو، لەشارەكە گرژی و ئاڵۆزییەكی توندی ئەمنی بەخۆیەوە بینی. بەپێی راپۆرتەكانی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، دوای كۆبوونەوەی ژمارەیەك گەنجی كورد لە چەند گۆڕەپانێكی شارەكەدا، هێزەكانی ئاسایشی گشتی بڵاوەیان پێكراوە و بۆ بڵاوەپێكردنی كۆبوونەوەكان تەقەیەكی زۆر بە ئاسماندا كراوە.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لە ئەنجامی تەقەكردنەكان لە دەوروبەری بازنەی (دوار) حەمامە، چەند هاووڵاتییەكی كورد برینداربوون و زیانی ماددیش بە موڵك و ماڵی مەدەنی گەیشتووە.
بەپێی زانیارییەكانی روانگەكە، سەرەتای ئاڵۆزییەكان لە گەڕەكی "موفتی"یەوە دەستی پێكرد، كاتێك ژمارەیەك هاووڵاتی بۆ داواكردنی مافەكانیان كۆبوونەوە، بەڵام دۆخەكە بەرەو گرژی چوو؛ ئۆتۆمبێلێكی سەر بە هێزەكانی ئاسایشی گشتی رووبەڕووی هێرش بووەوە و یەكێك لە خۆپیشاندەرانیش هەوڵی هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكانی دا، بەوهۆیەوە پێكدادان لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروست بوو. ئاسایش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە هێزی بەكار هێنا و تەنانەت بە قۆناغە تفەنگ لە چەند ئۆتۆمبێلێكی خۆپێشاندەرانیان داوە.
دوای رووداوەكە هێزێكی زۆری ئەمنی كە بە نزیكەی 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی پڕ لە چەكدار مەزەندە دەكرێت گەیشتنە شوێنەكە. هەرچەندە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بەشێوەیەكی بەشەكی پاشەكشەیان كردووە، بەڵام دۆخی ئامادەباشی گشتی ڕاگەیەندراوە.
هاوكات لەگەڵ ئەم رووداوانەدا، ڕێوشوێنی توندی ئەمنی سەپێنراوە؛ هاتووچۆی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوە لە گەڕەكی "غوێران" سنووردار كرا و پردی "بەیروتی" و بازاڕی سەرەكی ناوەڕاستی شاری حەسەكە بە تەواوی داخران.
ئەمڕۆش بەشێك لەهۆزە عەرەبەكان لەشارەكە خۆپیشاندانیان دەستپێكرد، دواتر هێزەكانی ئاسایشی بۆ رێگری لەئاڵۆزبوونی دۆخەكە بڵاوەیانپێكرد، سەبارەت بەو خۆپیشاندانەی لە پارێزگای حەسەكە دەستیپێكردووە پارێزگاری ئەو شارە پەیامێكی بڵاوكردەو رایگەیاند، كە ئەوان بەو پەڕی رێزەوە گوێ لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەگرن.
نورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەكە،ووتیشی،  ئەمڕۆ بە دڵێكەوە قسەتان لەگەڵ دەكەم كە لە خەمی سەلامەتی و ئاسایشی هەر یەكێك لە ئێوە و ئاسایشی میللەتەكەمانە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەربڕینی بیروڕا و داوای ماف مافێكی ڕەوایە كە بەیاسا مسۆگەر كراوە و بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە گوێ لە دەنگی ئێوە دەگرین، بەڵام لەناوبردنی موڵك و ماڵ یان بەشداریكردن لە ڕووبەڕووبوونەوەدا خزمەت بە دۆزی تۆ ناكات، بەڵكو زیان بە ئاسایشی كۆمەڵگا دەگەیەنێت.
هەروەها وتیشی، داوا لە هەمووتان دەكەم، بەتایبەتی گەنجان، دان بەخۆتاندا بگرن، هێزە ئەمنییەكان كوڕ و برای ئێوەن، ئەركی خۆیانە پارێزگاری لە ئێوە و دامەزراوە نیشتمانییەكان بكەن.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا وتیشی، با یەكدەنگ بین بۆ ئەوەی هەر لایەنێك دەرفەتی قۆستنەوەی هەستەكانتان و ڕاكێشانی نیشتمان بۆ ناو ئاژاوە یان توندوتیژی نەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو