دۆناڵد ترەمپ: لە ماوەی شەوێكدا 22 ملیۆن بەرمیل نەوت بەگەرووی هورمزدا تێپەڕیوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، لە ماوەی یەك شەودا 22 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەڵێنەكەی كە دەڵێت، پێش هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولی كۆنگرێس كە بڕیارە لە سێی تشرینی دووەمدا بەڕێوەبچێت هیچ هێرشێكی نوێ دژی ئێران ئەنجام نادات.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێكدا لە "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی كە بە گەرووەكەدا تێپەڕیوە لە ئێرانەوە نەهاتووە و بەرەو ئێرانیش نەچووە، ئاماژەی بە بەردەوامی گەمارۆكانی ئەمریكاش كرد كە بەسەر تاراندا سەپێنراون.
تا ئێستا، نەتوانراوە بە شێوەیەكی سەربەخۆ راست و دروستی ژمارەی 22 ملیۆن بەرمیلەكە پشتڕاست بكرێتەوە كە ترەمپ ئاماژەی پێداوە، بەڵام خەمڵاندنەكانی پێشوو ئاماژە بەوە دەكەن كە هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی گەرووەكەوە بۆ نزیكەی 14 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە. واتە نزیكەی 80٪ی ئاستی پێش جەنگ. ترەمپ تەئكیدی لەوەكردەوە، ئەمریكا پێش هەڵبژاردنەكان هێرش ناكاتە سەر ئێران، بەڵام بە روونی دەستپێكردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكانی بەدوور نەزانی. ئەو هەڵوێستی خۆی بەستەوە بە بەردەوامی ئەوەی كە بە "گفتووگۆی بەرهەمدار" لەگەڵ تاران وەسفی كرد، تەئكیدی لەوەشكردەوە، گەمارۆكان بەردەوام دەبن و واشنتۆن رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
ئەم راگەیاندنەی ترەمپ دوای ئەو راپۆرتانە دێت كە باس لەوە دەكەن، ئیدارەی ئەمریكا خەریكی لێكۆڵینەوەی بژاردەكانە بۆ دەستپێكردنەوەی هێرشەكان، ئەمەش لە نێوان بەردەوامی بەهێزكردنی بوونی سەربازی ئەمریكا لە ناوچەكە و زیادبوونی ئەو مەترسییانەی كە رووبەڕووی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان دەبنەوە لە گەرووی هورمز. دەوترێت، راگەیاندنەكەی ترەمپ هاوكار بووە لە هێوركردنەوەی مەترسییەكانی پەرەسەندنی سەربازی لەناكاو كە رەنگە ببێتە هۆی تێكچوونی زیاتری دابینكردنی وزە. ئەمڕۆ هەینی نرخەكانی نەوت دابەزینیان بەخۆوە بینی، بەشێوەیەك نەوتی خاوی برێنت بۆ نزیكەی 102 دۆلار و 60 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك دابەزی، لە كاتێكدا نەوتی خاوی رۆژئاوای تەكساس بۆ نزیكەی 90 دۆلار و 80 دابەزی، ئەمەش بە پاڵپشتی لێدوانەكانی ترەمپ و بەردەوامی وتووێژەكانی نێوان واشنتۆن و تاران. بەڵام مەترسییەكان بەتەواوی نەڕەواونەتەوە، چونكە هێشتا جووڵە ە هاتووچۆی كەشتیوانی لە رێگەی كەنداوەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، هەروەها تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی بە بەرزی ماونەتەوە و پشێوییەكان لە پاڵاوگەكان و دابینكردنی سووتەمەنیدا بەردەوامن.