شەوی رابردوو، شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان گرژی و ئاڵۆزییەكی توندی ئەمنی بەخۆیەوە بینی. بەپێی راپۆرتەكانی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، دوای كۆبوونەوەی ژمارەیەك گەنجی كورد لە چەند گۆڕەپانێكی شارەكەدا، هێزەكانی ئاسایشی گشتی بڵاوەیان پێكراوە و بۆ بڵاوەپێكردنی كۆبوونەوەكان تەقەیەكی زۆر بە ئاسماندا كراوە.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لە ئەنجامی تەقەكردنەكان لە دەوروبەری بازنەی (دوار) حەمامە، چەند هاووڵاتییەكی كورد برینداربوون و زیانی ماددیش بە موڵك و ماڵی مەدەنی گەیشتووە.
بەپێی زانیارییەكانی روانگەكە، سەرەتای ئاڵۆزییەكان لە گەڕەكی "موفتی"یەوە دەستی پێكرد، كاتێك ژمارەیەك هاووڵاتی بۆ داواكردنی مافەكانیان كۆبوونەوە، بەڵام دۆخەكە بەرەو گرژی چوو؛ ئۆتۆمبێلێكی سەر بە هێزەكانی ئاسایشی گشتی رووبەڕووی هێرش بووەوە و یەكێك لە خۆپیشاندەرانیش هەوڵی هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكانی دا، بەوهۆیەوە پێكدادان لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروست بوو. ئاسایش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە هێزی بەكار هێنا و تەنانەت بە قۆناغە تفەنگ لە چەند ئۆتۆمبێلێكی خۆپێشاندەرانیان داوە.
دوای رووداوەكە هێزێكی زۆری ئەمنی كە بە نزیكەی 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی پڕ لە چەكدار مەزەندە دەكرێت گەیشتنە شوێنەكە. هەرچەندە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بەشێوەیەكی بەشەكی پاشەكشەیان كردووە، بەڵام دۆخی ئامادەباشی گشتی ڕاگەیەندراوە.
هاوكات لەگەڵ ئەم رووداوانەدا، ڕێوشوێنی توندی ئەمنی سەپێنراوە؛ هاتووچۆی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوە لە گەڕەكی "غوێران" سنووردار كرا و پردی "بەیروتی" و بازاڕی سەرەكی ناوەڕاستی شاری حەسەكە بە تەواوی داخران.