وەزیری كشتوكاڵی هەرێم داوای پێداچوونەوەی بەپەلە بەبڕیاری هاوردەكردنی هێلكە و مریشك دەكات

کوردستان 01:47 PM - 2026/10/09

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی توندی خۆی بەرامبەر بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ دواخستنی سەندنەوەی باج لەسەر هێلكە و مریشكی هاوردەكراو دەربڕی و داوای پێداچوونەوەی بەپەلە لە بڕیارەكە دەكات.

 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كەرتی پەلەوەر لە هەرێم گەیشتووەتە قۆناغی خۆژێنی و بەرهەمی ناوخۆیی نەك تەنها پێداویستی هەرێم، بەڵكو توانای دابینكردنی پێداویستی تەواوی عیراقی هەیە.  بەپێی ئامارەكان، 59 پرۆژەی هێلكەی مێز ساڵانە 4 ملیار و 800 ملیۆن هێلكە بەرهەم دەهێنن لە كاتێكدا پێویستی ناوخۆ تەنها 1 ملیار و 800 ملیۆنە، هەروەها زیاتر لە 2100 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی مریشك ساڵانە لەسەرووی 450 هەزار تۆنە و زۆر زیاترە لە پێویستی ناوخۆ كە  150 هەزار تۆنە. وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكردووە،  لابردنی باج لەسەر بەرهەمی دەرەكی دەبێتە هۆی خنكاندنی بازاڕی ناوخۆ، زیانی دارایی قورس بە كەرتی پەلەوەر دەگەیەنێت و دەیان هەزار هەلی كار دەخاتە مەترسییەوە.

لەم چوارچێوەیەدا،  بێگەرد تاڵەبانی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ دواخستنی سەندنەوەی باج لەسەر هێلكە و مریشكی هاوردە دەربڕی و داوای پێداچوونەوەی بەپەلە دەكات. داواشی لە حكومەتی فیدڕاڵ كردووە لەبری ئەم بڕیارە، هاوكاری دابینكەرانی ئالیك و كێڵگەكان بكات و رەێگە بدات بەرهەمی زیادەی هەرێمی كوردستان بە ئاسانی رەوانەی پارێزگاكانی تری عیراق بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو