.
11:09 PM - 17/01/2026
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر زیندانی دەستگیرکراوانی داعش لەڕەققە هەیەو ئەگەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، کارەساتێکی جیهانی لێ دەکەوێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، نەک تەنیا هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتیی ناوخۆیی، بەڵکوو تەواوی ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکەنەوە.
هۆشداریشی داوە لەبارەی مەترسییەکان بۆ سەر زیندانی دەستگیرکراوانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شاری ڕەققە و ڕایگەیاندووە، بەردەوامیی هێرشەکان و ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە دەوروبەری ناوچەکە، دەبێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەمنیی زیندانەکە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ چالاکبوونەوەی شانەکانی داعش کە لێکەوتەی کارەساتباری بۆ سووریا و ناوچەکە و جیهانیش دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە، درک بە مەترسیی دۆخەکە بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، داواش دەکات بەپەلە کار بکەن بۆ سنووردانان بۆ پێشێلکارییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و ڕێگریکردن لە هەر کارێک کە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەبار دەبات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختیشی کردووەتەوە، پاراستنی زیندان و کەمپەکان بەرپرسیارێتییەکی بە کۆمەڵە، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە ئەوان پابەندن بە پاراستنی گەلانی ناوچەکە و لە ئاست هیچ هەڕەشەیەکدا دەستەوەستان نابن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە