.
09:11 PM - 17/01/2026
لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دەكاتو دەڵێت، گەلی کورد ماوەیەکی درێژە خەبات دەکەن لەپێناو داهاتویەکی باشتر بۆ سوریاو هەمیشە هاوبەشێکی جێگیرو بەوەفای ئەمریکا بوون.
ئەمڕۆ شەممە لیژنەكە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامەكەی بڵاوكردۆتەوەو نوسیویەتی، گەلی کورد ماوەیەکی درێژە خەبات دەکەن لەپێناو داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا و هەمیشە هاوبەشێکی جێگیر و بەوەفای ئەمریکا بوون.
دەشڵێت، کاتی ئەوە هاتووە شەرع، شوێنپێی کورد هەڵبگرێت و کار بۆ داهاتوی وڵاتەکەی بکات، لەبری ئەوەی شەڕ دژی گەلی کورد بکات.
هەر ئەمڕۆ لیندزی گراهام، سێناتۆری کۆماریی ئەمریکی هۆشدارییەکی تووندی دایە حکومەتی راگوزەری سووریا و هەڕەشەی کرد ئەگەر دیمەشق هێرشی سەربازیی بکاتە سەر کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەوا هەوڵ دەدات سزای قەیسەر جارێکی دیکە و تووندتر لە رابردوو بەسەر سووریادا بسەپێنرێتەوە.
یاسای پاراستنی سڤیلی قەیسەر لەسوریا کە لەساڵی 2019 لەکۆنگرێسی ئەمریکاوە پەسەند کرا، سزای ئابووریی بەرفراوانی بەسەر دەسەڵاتی پێشووی ئەسەد سەپاند، ئەوەش بەهۆی پێشێلکارییەکانی حکومەتەکەی لە دژی مافەکانی مرۆڤ. زۆربەی ئەو سزایانە دوای کەوتنی بەشار ئەسەد لە کانوونی دووەمی 2024 و دروستبوونی حکومەتی راگوزەر، کەمکرانەوە یان هەڵگیران.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە