.
04:24 PM - 17/01/2026
واجبمانە لەگەڵ گەلەکەمان بین لە هەر بەشێکی کوردستاندا، لەهەر لێقەومانێکدا کە تووشی دێین پێکەوەبوون و پشتگیرکردن لە یەکتری، ئیکسیری
حەیاتە بۆ مانەوەمان..
بابەتەکە ناو و رەنگ و شوێن و تایتڵی لایەن یان لایەنەکان نییە، لە ئەشرەفیە یان کەرکوک و سلێمانی بێت ، بابەتەکە سەنگەری کوردبوون و کوردایەتییە کە ناونیشانی هەق و دادپەروەری و ئازادییە، مەسەلەکە وەک ئاوی زەلال و وەک شیری حەڵاڵی دایکمانە. لەسەری دێینە جواب لە ناوەوەی وڵات و لە تاراوگە و لە دیاسپۆرا .
نەتەوە سەردەستەکان سەد ساڵ زیاترە ناوی ناڕەوا لەم گەلەکۆمەکێیە دەنێن، ناوی فریودەرانەی جارانی وەک ئەشقیا و کۆنەپەرست و هی ئەمڕۆش بەناوی رەنگاوڕەنگی چەپ و راستەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت.
بۆ گەلەکەمان ، بە ژن و پیاوەوە ، بە کچان و کورگەلەوە ، قیبلەنما هەر رەوایی مەسەلەی کوردە و هیچ شتێک ناتوانێ لەم سەدەی بیستویەکەدا ئەم رەواییە بخاتە ژێر پرسیارەوە.
گەرەکە ئەوان خۆیان جۆین بکەن لەگەڵ ئەم راستییە کوردانەدا.
بەرگری رەوایە و داکۆکی شەرەفمەندییە بۆیە هەقمانە، کاتمانە و چانسمانە.
سەدەی ئێمەیە کە دەشێ هی هەموومان بێت. وەکو سەدەکانی ئێوە نییە کە یەک رەنگ و مۆنۆپۆل بوو.
سەدەی کورد وەک کوردستانەکەی رەنگینە، وەک جلی خوێنینی شەهیدانی سوور ئاڵە و وەک فرەیی پێکهاتەکانی زەنگینە.
لەگەڵ گەلەکەمانین لە رۆژئاوا و لەگەڵ سەنگەری رەوایی مافی نەتەوەکەمانین هەر وەختێک لە هەر جێیەک جولە دەکا و لەسەر داخوازی دێرین دێتە جواب
ستران عەبدوڵلا
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە