کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆک بافڵ: هەر لایەنێک ناڕازییە لەم دۆخەی ئەمڕۆی کوردستان زۆر گرنگە بێتە ناو رێککەوتنی یەكێتی‌و نەوەی نوێ-وە

.

04:52 PM - 17/01/2026

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەناوەڕی ڕێككەوتنی نێوان یەکێتیی‌و نەوەی نوێی كردو ڕایگەیاند، هەر لایەنێک ناڕازییە لەم دۆخەی ئەمڕۆی کوردستان زۆر گرنگە بێتە ناو ئه م رێککەوتنەوە.

ئەمڕۆ شەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی كردو دواتر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

سەرۆک بافڵ رایگەیاند، "ساڵێک پێش ئێستا ئەم دەستپێشخەرییە راگەیەندرا، ئەو كات بەجۆرێکی دیکە بیرمان دەکردەوە، باوەڕی زیاترمان بەوە هەبوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە جدییەتی کە دەیەوێت حکومەت پێکبهێنێت و دەیەوێت رێکبکەوێت، ئەو دەستپێشخەرییە مابوو، ئەو رۆژە سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ دووبارەی کردەوە، زۆر پێمباشبوو، راستەوخۆ بێ پرس بە هیچ لایەک وەڵامم دایەوە."
سەرۆک بافڵ وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی زۆرمان لەسەر پڕۆژەکەی خۆمان کرد، نەوەی نوێش پڕۆژەی خۆیان باس کرد، ئەوەی مایەی خۆشحاڵی بوو، ئەوە بوو کە بۆچوونەکانی نەوەی نوێ زۆر نزیک بوو، لە بۆچوونەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەی لەبارەی بودجەوە باسیان کرد، ئێمە سەد لە سەد لەگەڵیداین و یەکێک لە کێشەکانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە، بۆیە ئەم ریککەوتنامەی ئێمە دژی کەس نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کوردستان بەرەو پێشەوە بڕوات، ئەو گلەییانەی کە خەڵک هەیەتی لە ئێمە و لە حکومەت چارەسەر بکرێن."

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەوەش كردەوە كە هەر لایەنێک کە ناڕازییە لەم دۆخەی ئەمڕۆی کوردستان، زۆر گرنگە بێتە ناو ئەم رێککەوتنەوە.

سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەگەڵ نەوەی نوێ رێککەوتوین، بیروبۆچوونمان لەسەر فەرمانڕەوایەتی لە کوردستان زۆر لە یەکەوە نزیکە، فراکسیۆنەکانمان کردووە  بەیەک، دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش گفتوگۆی ئەم بابەتە بکەین، بۆ ئەوەی بزانین چ جۆرە حکومەتێک دادەمەزرێنین، بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەشێک دەبێت لەو لایەنانە، حکومەت لەگەڵ پارتی پێکدەهێنرێت یان نا، جارێ بۆ ئەو بڕیارە زووە، بەڵام وەکو پرەنسیپ بەڵێ حکومەت پێکدەهێنرێت."

راشیگەیاند، "ئێمە سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین، لەگەڵ کاک محەمەدی حاجی مەحمود کۆبوینەوە، لەوە ناچێت بێتە ناو ئەم رێککەوتنە، بەڵام گلەییەکانی لەم جۆرە حوکمڕانییە لە گلەیی ئێمە زیاترە، بەڵام بەشداری نەکردنی کێشە بۆ ئەم رێککەوتنە دروست ناکات و لە دڵیدا پشتیوانە."

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە