.
10:28 AM - 17/01/2026
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات بەتایبەت دێرحافر و مەسكەنە دەستیان بەكشانەوە كرد و لەبەرامبەریشدا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق، لە ناوچەكانیان جێگیركران.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەكانی هەسەدە لەچوارچێوەی پەیامەكەی مەزڵوم عەبدی لە ناوچەكانی دێرحافر و مەسكەنە دەستیان بەكشانەوە كرد، دوای چۆڵكردنی پێگە و بارەگاكانیشیان، هێزەكانی سوپای عەرەبی سوریا دەستیان بەجوڵەكردو سەرجەم شوێنەكانیان كۆنتڕۆڵكرد.
شەوی رابردوو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەپلاتفۆڕمی ئێكس پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، لەسەر داوای وڵاتانی دۆستو نێوەندگیرەكانو وەك نیازپاكییەك بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی تێكەڵبوون و پەیوەست بوون بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی 10ـی ئادار بڕیاریاندا لە سەعات 7ی سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممەوە هێزەكانیان لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی حەلەبەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات بكشێننەوە.
پەیامەكەی عەبدوی دوای ئەوەهات، كە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی سوریا مەرسوومێكی لەبارەی مافەكانی گەلی كورد لە سوریا دەركردو تیایدا دانی بەوەدا ناوە كە هاووڵاتیانی كورد پێكهاتەیەكی ڕەسەنو بنەڕەتی گەلی سوریاو مافی خوێندنیان بە كوردی هەیەو جەژنی نەورۆزیش وەكو جەژنێكی نیشتیمانی سوریا دەناسرێتو لەسەرتاسەری وڵات دەكرێتە پشووی ڕەسمی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە