دوای 12 ساڵ هێڵی بۆریی نەوتی عیراق - توركیا لە كەركوك خرایەوە كار

عیراق 03:31 PM - 2026/11/27

دوای 12 ساڵ رێڕەوی كۆنی بۆریی نەوتی عیراق - توركیا لە كەركوك  بە توانای ٣300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە خرایەوە كار.
ئەمڕۆ هەینی باسم محەمەد خزەیر وەزیری نەوتی عیراق بە سەردانێك گەیشتە پارێزگای كەركوك و بە رەسمی دووبارە خستنەگەڕی رێڕەوی كۆنی بۆریی نەوتی (عیراق – توركیا)ی ڕاگەیاند، كە ماوەی 12 ساڵ بوو بە تەواوی لە كاركردن وەستابوو. ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێكی گرنگ دادەنرێت بۆ بەهێزكردنی تواناكانی عیراق لە گواستنەوە و هەناردەكردنی نەوتی خاو و هەمەجۆركردنی دەروازەكانی فرۆشتن.بەپێی ڕاگەیەندراوێكی رەسمی  وەزارەتی نەوت، پڕۆسەی كارپێكردنەكە بریتییە لە پاڵنانی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆرییەكەوە كە تیرەكەی 46ئینجە، لە وێستگەی پەمپكردنی ئای تی وەن بەرەو وێستگەی ئای تی وەن ئەی  و پاشان گەیاندنی بە وێستگەی پێوانەكردن لە چوارچێوەی هێڵە كۆنەكەی عیراق -توركیادا.وەزارەتەكە قۆناغەكانی هەناردەكردنی بەم شێوەیە دیاری كردووە،قۆناغی یەكەم  كە ئێستایە،بۆرییەكە بە توانای هەناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا دەستبەكار دەبێت.لەقۆناغی دووەمدا دوای تەواوبوونی كارەكانی نوێكردنەوەی وێستگەی دووەمی پەمپكردن، توانای هەناردەكردنەكە بەرز دەكرێتەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
ئەمەش لەكاتێكدا 17ی ئەم مانگە،وەزیری نەوتی عیراق دەستپێكردنەوەی پاڵنانی نەوتی خاوی لە وێستگەی ئای تی وەن ئەی  بەرەو هێڵی عیراق - توركیا ڕاگەیاندبوو. وەزیری نەوتی عیراق تەئكیدیشی كردبۆیەوە لەوەی،ئەم دەستكەوتە بەرهەمی هەوڵی دڵسۆزانە و شارەزایی تەكنیكیی كارمەند و ئەندازیارە نیشتمانییەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوورە، كە توانیویانە بە دەستی كاری ناوخۆیی ئەم شادەمارە نەوتییە گرنگە زیندوو بكەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو