لە پێشبینیی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی بەرفراوان، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا هەنگاوی نوێی دەستپێكردووە بە ئامانجی بەهێزكردنی ئامادەیی هێزە چەكدارەكان، لە هەنگاوێكدا كە بریتییە لە بەكارهێنانی سەربازە دێرینەكان و چالاككردنەوەی هێزە یەدەگی ستراتیژییەكان، ئەوەش لەكاتێكدایە كە نیگەرانییە ئەمنییەكانی ئەوروپا لە پەرەسەندنی هەڕەشەكانی روسیا و ئەگەری فراوانبوونی ململانێكان هەیە.
راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی بەریتانیا، لەوانەش ڕۆژنامەی تێلێگراف پلانی ئەنجامدانی مەشقی بەرفراوانیان ئاشكرا كردووە بۆ تاقیكردنەوەی توانای سوپای بەریتانیا بۆ بانگهێشتكردنەوەی سەربازانی پێشوو و گەڕاندنەوەیان بۆ خزمەت لەكاتی پێویستدا، ئەوەش بەشێكە لە ستراتیژییەك كە ئامانج لێی بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەكاری نیشتمانییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی لەناكاوی سەربازیی.
پلانەكە بریتییە لە تاقیكردنەوەی ڕێكارەكانی بانگهێشتكردنی كارمەندانی یەدەگ، تەیاركردنیان بە ئامێری پێویست و دەستنیشانكردنی ئەو ڕۆڵانەی كە دەتوانن بیگێڕن لە ئەگەری شەڕ یان قەیرانێكی گەورەی ئەمنیدا.
ڕۆژنامەی تەلەگراف بڵاویكردەوە، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا نامەیەكی بۆ نزیكەی 100 هەزار كارمەندی پێشووی سەربازیی ناردووە و داوای لێكردوون زانیاری پەیوەندیكردنیان نوێ بكەنەوە و زانیاری لەسەر كارە مەدەنییەكانیان و لێهاتوییەكانی ئێستایان بدەن.
پەیامەكان بریتین لە ڕەخساندنی دەرفەتێك بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بەشداری لە مەشق و مانۆڕی سەربازیدا بكەن، ئەوەش یارمەتی دەسەڵات دەدات بۆ دەستنیشانكردنی سەرچاوە مرۆییەكانی بەردەست و كەڵكوەرگرتنیان لە دۆخە نائاساییەكاندا