فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەكەی فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕادەگەیەنێت، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی نیشتمانیی گشتگیر لە نێوان هەولێر و بەغداد، تەئكید دەكاتەوە دەستوور و بنەماكانی هاوسەنگی، سازان و شەفافیەت باشترین نەخشەڕێگان بۆ چارەسەری كێشەكان و پاراستنی مافەكان و سامانی گشتی.
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو دەستپێشخەرییە نیشتمانییە ڕادەگەینێت، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دكتۆر فایەق زێدان بانگەوازی بۆ كردووە، بە ئامانجی ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دەستووری عیراق، ئەو دەستوورەی كە لە پێشەكییەكەیدا تەئكید لەسەر پێویستیی پاراستنی هاوسەنگی، سازان و هاوبەشیی ڕاستەقینە كراوەتەوە كە بوونەتە ئەو بنەمایەی عیراقی نوێی لەسەر دامەزراوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دا هاتووە، جارێكی دیكەش تەئكید دەكەینەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی كە دەستوور ببێتە نەخشەڕێگای چارەسەركردنی كێشەكان و زامنكردنی مافەكانی سەرجەم ڕۆڵەكانی گەلی عیراق، بەتایبەتی گەلی كورد كە لە ڕابردوودا قوربانی داوە لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی، دیموكراسی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بۆ هەموو عیراقییەكان.
هەروەها فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕوای وایە كە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هاوبەش زامنی یەكپارچەیی عیراقە لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەكی گەش، لە هەمان كاتدا پشتگیریی خۆمان بۆ هەر هەنگاوێك ڕادەگەیەنین كە ببێتە هۆی پاراستنی شەفافیەتی داهاتەكانی عیراق، بنبڕكردنی دیاردەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتیی وڵات.