عیراق: جێبەجێكردنی رێنماییەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەستیپێكردووە

عیراق 07:59 PM - 2026/11/26

  فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عیراق، دەستپێكردنی جێبەجێكردنی بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی بۆ داخستنی تەواوی دەروازە نارەسمییەكان ڕاگەیاند، كە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە. هاوكات تەئكید دەكاتەوە كە كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكانی عیراق گەیشتووەتە ئاستێكی نموونەیی و بێپێشینە لە مێژووی دەوڵەتدا.
فەریق محەمەد عەبدولوەهاب سوكەر سەعیدی، فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنوور، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی ڕاگەیاند، دەستیان بە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان كردووە بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە ناڕەسمییەكان، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت لە كۆمپانیای نەوتی باكوور.
سەعیدی ڕوونیكردەوە، هێزەكانی پاسەوانی سنوور تایبەتن بە هێڵی سنووری و بەڕێوەبردنی دەروازەكان لە تایبەتمەندیی دەستەی دەروازە سنوورییەكانە، بەڵام ئاشكراشی كرد كە هەوڵ و ڕێنمایی هەیە بۆ یەكخستنی ناوەندێتیی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەروازەكانی تری عیراق.
لەبارەی دۆخی سنوورەكانەوە، فەرماندەی پاسەوانی سنوور ئاماژەی بەوە كرد، بەهۆی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێ، چاودێریی زیرەك، پەرەپێدانی ئامادەیی شەڕكردنی هێزەكان و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، توانیویانە بە ڕێژەیەكی بەرچاو ڕێگری لە دزەكردن، قاچاخچێتی و پەڕینەوەی كرێكاران بگرن. وتیشی، كۆنتڕۆڵێكی نایابیان بەسەر سنوورەكانی سوریا، ئوردن، سعودیە، كوەیت و ئێراندا هەیە و بەرپرسیارێتیی 600 كیلۆمەتر لە سنووری سوریا بە تەنها لە ئەستۆی هێزە عیراقییەكاندایە بەبێ بوونی هێزێكی هاوبەش لە دیوەكەی تر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو