وەفدێکی یەکێتی سەردانی پەرلەمانی بەلجیکای کرد

کوردستان 02:52 PM - 2026/11/26

رۆژی چوار شەمە ٢٠٢٦/١١/٢٥ وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی بەلجیکای کرد و لەلایەن ئەنیک لامبریخت لەلیژنەی کاروباری دەرەوە و جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پەرلەمانتارانی (بەنەلۆکس) پێشوازییان لێکرا.

سالار مەحمود، لێپرسراوی بۆردی ناوەندی دەرەوە داوای کرد، کۆمەڵی نێودەوڵەتی رۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق.

خاتوو ئەنیک لامبریخت کە جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پەرلەمانتارانی (بەنەلۆکس) هۆڵەندا و بەلجیکاو لۆکسمبۆرگیشە رایگەیاند، ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە سەلماندنی مافەکانی گەلانی ناوچەکە، گەلی کوردیش وەک گەلێکی زیندووی ناوچەکە، مافی ژیانێکی شایستەیان هەیە بەتایبەتی دوای مێژوویەکی تاڵ لە کۆمەڵکوژیی و نەسەلماندنی مافەکانیان.

سالار مەحمود ئاماژەی بەوەشدا، خەڵکی کوردستان لە نیشتمان و دەرەوەی وڵاتیش رۆڵی گرنگیان هەیە لە پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆی بونیادنەرو پێکەوە ژیان و پابەندن بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و بنەماکانی دەستوری پەسەندکراو لە عیراقی ئیتحادی فیدراڵ، هەروەها ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی ئەوروپا و هەموو جیهانیشە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو