كاروان گەزنەیی: یەكێتی پارێزەری قەوارەی هەرێمی كوردستانە

کوردستان 09:39 PM - 2026/11/25

كاروان گەزنەیی، وتەبێژی (ی،ن،ك) ڕایگەیاند، یەكێتی پارێزەری قەوارەی هەرێمی كوردستانەو دەبێت هەرێم و عیراق بە گفتوگۆ و دەستوور ناكۆكییەكان چارەسەر بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەسەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە قەڵاچوالان كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكەش كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند، گفتوگۆكراوە لەبارەی بڕیارەكەی ئەم دواییەی حكومەتی عیراق بەرانبەر هەرێمی كوردستان و یەكێتی پێیوایە وتاری توند خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات و دەبێت هەردوولا بە رێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور ناكۆكییەكانیان لەبارەی كێڵگە نەوتییەكان و دەروازە سنوورییەكان چارەسەر بكەن.
وتیشی، یەكێتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسی لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
كاروان گەزنەیی تەئكیدی كردەوە كە باوەڕی نەگۆڕمان بەوە هەیە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییەو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و جینۆسایدو كیمیاباران و ئەنفالە.
وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵوێستی یەكێتی بەرانبەر هەنگاوە تاكلایەنەكەی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان نەگۆڕاوە و پێداگرە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و هاوبەشی راستەقینە لە هەرێمی كوردستان.
کاروان گەزنەیی راشیگەیاند، یەکێتی داوای کردووە بەشەبودجەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین لە بودجەی عیراق جێگیر بکرێت، بۆئەوەی بودجە نەكرێتە چەكێك بەدەستی هیچ كەس و لایەنێكەوە سزای بەشێكی خەڵكی كوردستانی پێبدات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو