مەزڵوم عەبدی: مەترسییەكانی داعش بەردەوامە

کوردستان 02:50 PM - 2026/11/26

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هێزەكانی سووریای دیموكرات و راوێژكار لە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا هۆشداری لە مەترسییەكانی داعش و شانە نووستووەكانی ئەو رێكخراوە دەدات. ئەو لێدوانە لە كاتێكدایە هێرشێك كرایە سەر بنكەیەكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەكە، كە بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكیش برینداربوون.
عەبدی لە پەیامێكدا لە پلاتفۆڕمی ئێكس نووسیویەتی: ئەو هێرشە تیرۆریستییەی شانەیەكی سەر بە داعش بۆ سەر بنكەیەكی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەكە كردوویەتی، دەریدەخات مەترسییەكانی ئەو رێكخراوە و شانە نووستووەكانی هێشتا ماون، هەروەها هەوڵەكانیان بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكەمان بەردەوامە.
عەبدی دووپاتیكردەوە، ئەو هێرشانە كاریگەرییان لەسەر بڕیاری هێزە ئەمنییەكان نابێت و ناتوانن ئەوان لە بەردەوامبوون لە هەوڵەكانیان بۆ راوەدوونانی شانەكانی داعش و پاراستنی ئاسایشی دانیشتووان و سەقامگیریی ناوچەكە سارد بكەنەوە.
پەیامەكەی عەبدی لە كاتێكدایە دوێنێ چوارشەممە، عەمید مەڕوان عەلی، فەرماندەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە لێدوانێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، شانەكانی رێكخراوی داعش بە زیاتر لە هێرشێكی خۆكوژی پەلاماری یەكێك لە بارەگا ئەمنییە یەكخراوەكانیان داوە و لە ئەنجامدا دوو سەرباز گیانیان لەدەست داوە و پێنجی دیكەش بریندار بوون.
فەرماندەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەكە وەك نەریتی خۆی، داعش دوای ئەو سەقامگیرییەی لە شار و پارێزگای حەسەكە بەدەست هاتووە، ویستی لە رێگەی تەقینەوەیەك یان زیاتر لە تەقینەوەیەكی خۆكوژییەوە بۆ سەر یەكێك لە بارەگا ئەمنییە یەكخراوەكان پەیامێك بگەیەنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو