عیراق هۆشداری لە فرۆشتن و دڕاندنی پاسپۆرت دەدات

عیراق 08:50 PM - 2026/11/26

محەمەد عەلی حەسون، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق ڕایگەیاند، بەپێی ماددەی 15 لە یاسای پاسپۆرت، هەر كەسێك پاسپۆرت بفرۆشێت، بیكڕێت، بیدڕێنێت یان بەشێوەی نایاسایی گەشت و هاتووچۆ بكات، سزای زیندانیكردن دەدرێت كە لە سێ ساڵ كەمتر نەبێت.

عەقید محەمەد عەلی حەسون وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، یاسای پاسپۆرت ژمارە 32ی ساڵی 2015 سزای بۆ پاراستنی بەڵگەنامە رەسمییەكان و ڕێگری لە خراپ بەكارهێنان و دەستكاریكردنیان داناوە و ماددەی 15 چوار جۆرە سەرپێچیی دیاریكردووە.

بەپێی روونكردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ، سەرپێچیی یەكەم بریتییە لە فرۆشتن، كڕین یان دەستگرتن بەسەر پاسپۆرتی عیراقی بۆ بەكارهێنانی پێچەوانەی مەرجەكانی دەركردنی، هەروەها سەرپێچیی دووەم بریتییە لە لەناوبردن، دڕاندن، شێواندن یان پوچەڵكردنەوەی پاسپۆرتی كارا بە ئەنقەست و نیازخراپییەوە.

هاوكات سەرپێچیی سێیەم بریتییە لە جێهێشتنی كۆماری عیراق یان هەوڵدان بۆ دەرچوون لە دوای ئاگاداركردنەوەی كەسەكە لە قەدەغەكردنی گەشتكردن، سەرپێچیی چوارەمیش چوونەناو كۆماری عیراق یان هەوڵدانە بۆ هاتنەژورەوە لە دەرەوەی ڕێگا و شوێنە تەرخانكراوەكانی پشكنینی بەڵگەنامەكان.

محەمەد عەلی حەسون ڕاشیگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ تەئكید لە پابەندبوون بە ڕێنماییە یاساییەكانی پاسپۆرت دەكاتەوە و هۆشداری دەدات لە هەر سەرپێچییەك كە زیان بە سەلامەتیی بەڵگەنامە رەسمییەكان و ڕێكارەكانی گەشتكردن بگەیەنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو