وەزیری نەوتی عیراق: داهاتی مانگی تشرینی یەكەمی نەوت گەیشتووەتە 8,8 ملیار دۆلار

عیراق 08:48 PM - 2026/11/26

وەزیری نەوتی عیراق ڕایگەیاند، داهاتی مانگی تشرینی یەكەمی نەوت گەیشتووەتە 8,8 ملیار دۆلار، دەشڵێت، لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیك گفتوگۆ دەكەن بۆ زیادكردنی پشكی بەرهەمهێنانی عیراق.

باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عیراق، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراق ڕایگەیاند، ئاستی هەناردەكردنی نەوتمان لە 200 هەزار بەرمیلەوە بۆ 3,6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرزكردووەتەوە.

وتیشی، داهاتی مانگی تشرینی یەكەم گەیشتووەتە 8,8 ملیار دۆلار، ئەمەش ژمارەیەكە كە تەنانەت پێش قەیرانەكەش بەدەست نەهاتبوو، داهاتی هەناردەكردنی نەوتی رەش، گۆگرد و نەفتا زیاتر لە 4,5 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. 

وەزیری نەوتی عیراق باسی لەوەشكرد، گفتوگۆ لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیك دەكەن بۆ زیادكردنی پشكی بەرهەمهێنانی عیراق. هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ سێ كۆمپانیای ئەمریكی هەیە بۆ وەبەرهێنان لە ژمارەیەك كێڵگەی نەوتی و هیوادارن مانگی داهاتوو تەواو بكرێن.

بە وتەی وەزیری نەوتی عیراق، داوایان لەو كۆمپانیایانە كردووە كە لە عیراق كار دەكەن، پلانی گەورە و بەرهەمدار پێشكەش بكەن بۆ زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان.

باسم خزەیر دڵنیایی دا هیچ نیاز و ئاڕاستەیەك نییە بۆ زیادكردنی نرخی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو