ئیدارەی پارێزگای سلێمانی دڵنیایی دەدات، ڕێگەنادەن نرخی غازی ماڵان گران ببێت و لیژنەكانیش چاودێریی وردی بازاڕ دەكەن، هاوكات نرخی یەك سەعات كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ ئەم مانگە بە 82 دینار دیاریكرا.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، وەك ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی نرخی غازی ماڵان گران نەبێت. وتیشی لە دوای هێرشی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، هەوڵمان داوە غاز بە هەمان نرخ و بە یەكسانی بەسەر هەموو هاووڵاتیانی پارێزگاكەدا دابەش بكرێت.
لەلایەكی دیكەوە، كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكان، قائیمقامیەتی سلێمانی و لێپرسراوانی كارەبای سلێمانی لە كۆبوونەوەیاندا بڕیاریان دا كە نرخی یەك سەعات كارەبای مۆلیدە بۆ ئەم مانگە 82 دینار بێت.
پێشتریش فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، تاوەكو ئێستا دۆخی كارەبا وەك خۆیەتی و دەنگۆی زیادكردنی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بۆ 15 بۆ 20 سەعات ڕەتدەكاتەوە. هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد، لیژنەكانی قائیمقامیەت چاودێریی هەموو ئەو شوێنانە دەكەن كە غاز و نەوت بە هاووڵاتیان دەفرۆشن.
ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی نووسراوێكی تایبەت بە ڕاگرتنی پشكی سووتەمەنیی كارگە و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، تێیدا تەئكیدی لەوە كردەوە، بڕیارەكە پشكی غازی ماڵان و نەوتی سپیی هاووڵاتییانی هەرێم ناگرێتەوە.