جووڵەی بازرگانی لە دەروازەكانی فیشخابور و شوشمێ‌ و پشتە راگیرا

کوردستان 10:42 AM - 2026/11/27

بەهۆی ڕێكارە نوێیەكانی حكوومەتی عیراق بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان، جووڵەی بازرگانی لە دەروازەكانی فیشخابوور، شوشمێ و پشتە راگیران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێی و میدیاییەكانەوە بڵاوكراونەتەوە، بڕیاری داخستن و راگرتنی جووڵەی بازرگانی لە سێ دەروازەی سنووریی گرنگی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەریەك لە رۆژئاوای كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش وەك بەشێك لە هەڵمەتەكانی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق بۆ ڕَكخستنەوەی سنوورەكان و داخستنی دەروازە نارەسمییەكان.لە سنووری پارێزگای دهۆك و لەسەر رووباری دیجلە، ئیدارەی دەروازەی سنووریی فیشخابور (سێمالكا) كە هەرێمی كوردستان بە ڕۆژئاوای كوردستانەوە دەبەستێتەوە، بە رەسمی  بڕیاریدا سەرجەم جووڵە بازرگانییەكان لەم دەروازەیەدا بە تەواوی رابگیرێن. بڕیارەكە تا كاتێكی نادیار بەردەوام دەبێت، 
هاوكات لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش، هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی فیدراڵیی رێكارەكانیان توندتر كردووەتەوە. لە دەروازەی سنووریی پشتە كە دەكەوێتە سنووری ناحیەی بەمۆ، هێزە عیراقییەكان لە ڕێگەی دانانی بەربەستی خۆڵ ڕێگەی هاتوچۆی بارهەڵگرەكانیان بە تەواوی داخستووە و جووڵەی بازرگانییان تێدا پەكخستووە. سەبارەت بە دەروازەی سنووریی شوشمێ لە ناحیەی تەوێڵە، وەفدێكی باڵای دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق سەردانی ناوچەكەی كردووە و بە رەسمی  هێزەكانی پاسەوانی سنووری راسپاردووە كە ئەم دەروازەیەش هاوشێوەی دەروازەی پشتە بۆ ماوەی چەند رۆژێك دابخەن و رێگری لە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی بكەن.
ئەم هەنگاوانەی بەغداد لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی حكومەتی عیراقدا دێن بۆ كۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی وڵات و نەهێشتنی ئەو دەروازانەی كە بە نارەسمی  هەژمار دەكرێن یان لە دەرەوەی دەسەڵاتی گومرگی فیدراڵیدان.
ڕاگرتنی كاروبارەكان لەم سێ دەروازەیەدا كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر كاسبكاران، شۆفێرانی بارهەڵگر و بازرگانانی ناوچەكە دروست كردووە، چونكە ئەم دەروازانە شادەماری سەرەكیی بژێویی هەزاران هاووڵاتیی سنووری هەڵەبجە و دهۆكن.















بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو