وەزارەتی بەرگریی عیراق لە رێگەی وڵاتی كۆریاوە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ وڵات دابین دەكات و لە ماوەی داهاتوودا ئەو سیستمانە دەگاتە عیراق.
یەحیا رەسول وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عیراق لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان گرنگییەكی زۆر بە تەواوكردنی تواناكانی بەرگریی ئاسمانی وڵات دەدات.باسی لەوەشكردووە، وەزیری بەرگری و سەرۆكی ئەركانی سوپا هەوڵدەدەن لە رێگەی گرێبەستەكانەوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەهێزبكەن و لە ماوەكانی داهاتوویشدا سیستمی بەرگری كۆریی دەگاتە خاكی عیراق.بە وتەی یەحیا رەسوڵ،رێنمایی روون دانراوە سەبارەت بە پاراستنی پێگە سەروەری و ئابورییەكان لە رێگەی بەرگریی ئاسمانییەوە و مەشقە سەربازییەكانیش بە شێوەیەكی بەردەوام ئەنجام دەدرێن بۆ بەرزكردنەوەی توانا سەربازییەكان.راشیگەیاندووە، عیراق توانایەكی باشی لە بواری بەرگرییدا هەیە و كار دەكات بۆ بەرگریكردن لە سەروەری ئاسمان و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی.
پێشتریش سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، رایگەیاندبوو، بەم نزیكانە بەشی یەكەمی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەگاتە عیراق و دڵنیایشی دابوو لەوەی حكومەتی عیراق سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر جێگیر دەكات، ئەمەش بۆ ڕێگریكردن لە هەر هێرشێكی درۆنی و مووشەكی كە لە ڕابردوودا دەكرانە سەر ژێرخانی وزەی هەرێم.