بەدرێژایی سێ دەیەیی رابردوو,هەرێمی كوردستان لە قەیران و ململانێ بەدەرنەبووە
هەر لە قەیرانی ئابووریی و فەرهەنگیی و سیاسییەوە تا جەنگ و پشێویی و گرژییە سەربازییەكان، هەر لە گرانی و برسێتییەوە تا شەڕی ناوخۆ و فشاری بەغداد و وڵاتانی دەوروبەرەوە.
ئەم مێژووە دژوار و پڕ كێشەو گرفتە هەرێمی لە ناوچیەكی بێ سیستم و پەرت و بڵاوی دوای سەدەیەك لە داگیركاری و سەركوتكردنەوە, گۆڕی بۆ ئەزموونێكی رێكخراوی شارستانی و گەشەسەندوو كە تاڕادەیەكی زۆر لە جیهاندا بە گرنگیەوە تەماشابكرێ.
ئەو ئاستەی ئەمڕۆ كوردستانی تێدایە و ئەو دەستكەوتانەی لەسەر زەمینی واقیع بەدی دەكرێن, بەری رەنج و تێكۆشانی هەمووانە, لە كرێكارێكەوە تا سەرمایەدارێك,لە پێشمەرگەیەكەوە تا سەرۆكێك.
ئەوەی هەمیشە جێی سەرنج و نیگەرانییە, ئەو دەنگەی پارتییە كە شەوڕۆژ بە هەق و ناهەق لەبناگوێی هەمولایەك دەخوێنێ و دەڵێ ئەم هەرێمە دەستكەوت و دەستكردی ئێمەیە و بەردەوام لە راگەیاندنەكانییەوە وەكو منەت بەخەڵكی كوردستانی دەفرۆشێتەوە.
لەكاتێكدا هەرناوچەیەك لەژێر دەسەڵات و فەرمانی خۆیدا نەبێ كەمترین خزمەتگوزاریی بۆ دابین ناكات, هەر بڕیارێكی سیاسی خۆی دەرینەكات بە خراپی دەزانێت, هەر لایەن و وڵات و لیستێك هاوپەیمانی خۆی نەبێ , بە دوژمن و نەیاری دەزانێت و هەركەسێكیش هاوپەیمانیان بێ بە ناپاك و پاشكۆ وەسفی دەكات, هەر پۆستێكی سیادی ببینێ بەهی خۆی دەزانێ و بۆشی نەبێت بە بێنرخ و كەمبایەخ باسی دەكات , هەموو دەستكەوتەكانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم بە بەرهەمی خۆی دەزانێ و هەموو شكستەكانیش دەخاتە ئەستۆی حزب و لایەنەكانی تر.
بەپێی بنەمای فیكری و میتۆدی ئەم حزبە , پارتی دیمەكراتییەو باوەڕی بە مافی مرۆڤ و دادپەروەری و فرەیی سیاسییە.
بەڵام زۆر دوور نەڕواو هەر كەسێك سەیرێكی 10 ساڵی رابردووی هەڵوێست و كاو كردەوەكانی پارتی بكات نەك وتارو لێدوانەكانیان تێدەگات ئەم حزبە تووشی گەلێك دەردودووی كوشندە بووە و پێویستە خۆی چارەسەربكات.
دەردەكەی بە خۆبەزلزانی دەستی پێكردوو بە درێژایی ساڵ لێی پیسكرد و بووبە نەخۆشیی لەخۆباییبوون و بیرو بەرنامەو مێژووی هەڵەكانی خۆی بیرچۆوە و خۆی لێگۆِرا,ئەمەش حزبەكەی تووشی پەتای تاكڕەویی كردووە و ئەو راستیە نازانێ هەروەز و پێكەوەبوون ئەم رۆژەی هێناوەتەدی و كەس بی نالوێ بەتەنیا بیخوات, كەسیش بە دوعاكانی پارتی ناڵێ ئامین.