سەرباری هەوڵەكان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان تاران و واشنتۆن، هەردوو لایەنی ئەمریكی و ئێرانی بەردەوامن لە ناردنی پەیام و هەڕەشەكانیان، جارێكی تر مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران، هۆشداریی توند دەداتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و تەئكید لە مافە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی دەكاتەوە.
لە لێدوانەكانیدا پزیشكیان رایگەیاند، ترەمپ بۆی نییە گەلی ئێران لە مافە ئەتۆمییەكانی بێبەش بكات، تاران نیازی هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێكی نییە و بەرگریكردن مافی یاسایی خۆیەتی، وە نیازیشی نییە بازنەی شەڕ فراوان بكات و هیچ كات دەستپێشخەر نەبووە و هێرشی نەكردووەتە سەر هیچ وڵاتێك.
گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە كۆتاییەكانی مانگی شوباتی ئەمساڵدا بەقۆناغێكی مەترسیداردا رۆشت، دواتر بە نێوەندگیری پاكستان ئاگربەستێكی كاتی راگەیەندرا و هێشتا دانوستانەكان بە چڕی بەردەوامن بۆ گۆڕینی ئاگربەستەكە بۆ رێككەوتنێكی گشتگیر، بە ئامانجی كۆتاییهێنان بەو شەڕەی كاریگەری لەسەر بەشی زۆری وڵاتانی جیهان داناوە.