داخستنی گەرووی هورمز هەناردەی نەوتی عیراقی 85% كەمكردووەتەوە داخستنی گەرووی هورمز زیانێكی گەورەی بە كەرتی نەوتی عیراق گەیاندووە و حكومەتیش هەوڵدەدات، رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی زیانەكان كەم بكاتەوە.
عەبدولڕەحمان مەشهەدانی شارەزای ئابووریی عیراقی باس لەوەدەكات ،بەغداد لەسەر ئاستی ناوچەكە زۆرترین زیانی بەركەوتووە و ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەی 75% و هەناردەكردنیش بە رێژەی 85% كەمی كردووە.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشكردووە، عیراق كە پێشتر رۆژانە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، ئێستا تەنیا نزیكەی 250 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا و نزیكەی 100 هەزار بەرمیلیش بۆ سوریا هەناردە دەكات.
ئەمەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی داهات و زیانەكان بە نزیكەی 5 ملیار دۆلار لە مانگێكدا دەخەمڵێندرێن.
مەشهەدانی هۆشدارییش دەدات كە تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمزیش بكرێتەوە، عیراق سێ تا 6 مانگی پێویستە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش جەنگ، چونكە كۆمپانیا بیانییەكان كارمەندەكانیان لە كێڵگە نەوتییەكان كشاندووەتەوە و دەستپێكردنەوەی كارەكانیش كاتی دەوێت.
لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا، حكومەتی عیراق هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە چڕ كردووەتەوە. ئەحمەد ئەنساری، توێژەری ئابووری رایگەیاندووە، حكومەت ئێستا تەئكید لەسەر گەشەپێدانی كەرتەكانی وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی دەكاتەوە بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك.
هەروەها هەوڵی رێككەوتن دەدات بۆ نوێكردنەوەی بەندەری بانیاس لە سوریا و گفتوگۆش لەگەڵ سعودیە دەكات بۆ گواستنەوەی نەوتی عیراق لە رێگەی بەندەری یەنبوعەوە.
ئابووریی عیراق بە رێژەی 90% پشت بە داهاتی نەوتی خاو دەبەستێت. پێشتر عیراق مانگانە نزیكەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، بەڵام لەدوای دەستپێكردنی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات و داخستنی گەرووی هورمز، كە شادەمارێكی هەناردەكردنی وزەی جیهانە، ئاستی هەناردەكردنی عیراق زۆر دابەزیوە.