ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوەو لەیەكێك لەبڕگەكاندا ئەنجومەنەكە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسایەك دەكات كە تایبەتە بە خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ یان ناچاری.
بەپێ كارنامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجومەنەكە دانیشتنێك ئەنجام بدات و لەبڕگەی یەكەمی دانیشتنەكە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیارە یاسایەك بكات بە ناوی (خزمەتی ئاڵا) كە تایبەتە بەسەربازی زۆرەملێ یان ناچاری.پێشنیارە یاساكە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنەكە ئامادە كراوە و لە 66 بڕگە پێكدێت.
میدیاكانی عیراق بەشێك لەپڕۆژەكەیان بڵاوكردوەتەوە و گرنگترین خاڵی پێشنیارە یاساكە بریتییە لە خزمەتی زۆرەملێ كە هەر هاووڵاتییەك تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ بە بانگهێشتكراو حسابە، بەڵام لە تەمەنی 19 ساڵیدا خزمەتی سەربازی دەكات.
هەر بەپێی پێشنیارەكە خزمەتی سەربازیی لە تەمەنی 45 ساڵیدا كۆتایی دێت، بەڵام بانگهێشتی یەدەگی هەیە تا تەمەنی 50 ساڵی، لە بارودۆخی تایبەتدا ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە هەردوو حاڵەتی بانگهێشتی 18 ساڵی و 50 ساڵی بڕیاری لەبارەوە دەدات.
لەبەشێكی پێشنیارە یاساكەدا ئاماژەبەوەكراوە، سەرۆك خێزان مووچەی سەربازی خۆبەخشی پێدەدرێت لە ماوەی خزمەتەكەیدا، هەروەها فەرمانبەرانی دەوڵەت بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی مووچەكانیان لە فەرمانگە سەرەكییەكانیان، پێشنیارە یاساكە رێگە دەدات لە پارەدان لەبری خزمەتی سەربازی، بڕی ئەم پارەیەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیاری دەكرێت. هاوكات پێشنیارە یاساكە پاداشت و سزای دیاری كردوە.
تاوتوێكردنی ئەم پێشنیارە یاسایە لەكاتێكدایە، خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ یەكێكە لە بابەتە گەرمەكانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی عیراق. لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عیراق لەلایەن پۆل بریمەر، حاكمی مەدەنیی ئەمریكا لە عیراق، خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ راگیرا و سوپای نوێ لەسەر بنەمای خۆبەخشی دروست كرایەوە.
لە ساڵی 2021 حكومەتی عیراق پڕۆژەیاسایەكی نوێی بۆ خزمەتی سەربازی پەسەند كرد و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی سیاسییەوە چەندین جار تێپەڕاندنی دواخراوە.