لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق و چوارجار هەوڵی كۆبوونەوەی بێئەنجام، شەوی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆبووەوە، بەڵام یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی بۆ سبەینێ دواخست.
شەوی رابردوو، لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە نووسینگەی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی كۆبوونەوە، هەرچەندە ناوی كاندیدەكەیان ئاشكرا نەكرد، بەڵام عەباس عامری ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە، تێیدا هەموو پێشنیار و راكان سەبارەت بە كاندیدی سەرۆكایەتی وەزیران خرانەڕوو و گفتوگۆیان لەسەر كرا، بەڵام گفتوگۆكان پێویستیان بەكاتی زیاتر هەبوو، بۆیە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریانداوە ئەمڕۆش بەردەوامبن لە گفتوگۆكردن، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە بگەنە ئەنجامی كۆتایی.
لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق و چوارجار هەوڵی كۆبوونەوەی بێئەنجام، شەوی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆبووەوە.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق لە 11ـی نیسان، چوارچێوەی هەماهەنگی چوارجار هەوڵی كۆبوونەوەی دا بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانەوە كۆبوونەوەكە نەكرا.
بەپێی دەستووری عیراق، سەرۆك كۆمار دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت، بەو پێیەی چوارچێوەی هەماهەنگی تاوەكو 26ـی نیسان دەرفەتی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق.