سەبارەت بە دەنگۆكانی راگرتنی ناردنی دۆلار لە ئەمریكاوە بۆ عیراق رونكردنەوە دەدرێت و لەوبارەیەوە،موستەفا غالب، پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق دەڵێت، یەدەگی دراوی بیانی وڵات گەشەكردنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی ئامارەكان، بڕی یەدەگی دراوی بیانی لە 48 ملیار دۆلارەوە بۆ 64 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.
ووتیشی، بڕیارەكەی ساڵێك لەمەوبەر بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، هاوكارێكی سەرەكی بووە بۆ زیادكردنی ئەم یەدەگانە و پاراستنی سەقامگیری دارایی.
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی كە لە میدیا عیراقییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، پارێزگاری بانكی ناوەندی تەئكیدی كردەوە، كە ناردنی دۆلار لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بۆ عیراق بەردەوامە و هیچ ڕێگرییەك لە ئارادا نییە.
پێشتر باس لەوە كرابوو كە واشنتن وەك كارتێكی فشار دژی عیراق و بەتایبەت دژی جموجۆڵی گرووپە چەكدارەكان، هەروەها بۆ خێراكردنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، بڕیاریداوە ناردنی دۆلار بۆ عیراق رابگرێت، بەڵام موستەفا غالب دووپاتی كردەوە كە هەماهەنگییە داراییەكان لەنێوان عیراق و ئەمریكا بە ئاسایی بەڕێوە دەچن.