ئاسۆ مامەند: سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی سەرۆک بافڵ دەکەم

کوردستان 01:34 PM - 2026/04/19

ئاسۆ مامەند: سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی سەرۆک بافڵ دەکەم کەهاوکار و پاڵپشتییەکی بەهێز بووە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک

ئاسۆ مامەند، سەرپەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات كە هاوکار و پاڵپشتییەکی بەهێز بووە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

هاووڵاتییانیی خۆشەویست
-دانیشتوانی خۆڕاگری کەرکوک
سەرەتا بە پیویستی دەزانم کە دەستخۆشی و سوپاسی بەڕێز رێبوار تەها پاڕێزگاری پێشووی کەرکوک بکەم کە توانیی لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا وەک پارێزگارێکی سەرکەوتوو خزمەتی دانیشتوانی ئازیزی کەرکوک بکات بەبێ جیاوازیی و بە شیوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ نەتەوە و پێکهاتەکاندا بکات، هەروەک هەڵمەتی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بگەیەنێتە تەواوی شار و شارۆچکەکان تەنانەت بە گوندەکانیشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیی سەقامگیری سیاسی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بپارێزێت.
هەروەها جێی خۆیەتی سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی سەرۆک بافڵ بکەم کە بە هەستکردنیان بۆ دۆخی تایبەتی کەرکوک و لە بەرچاوگرتنی پاراستنی پێکەوە ژیان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تیگەیشتنیان بۆ ئەم دۆخە، هاوکار و پاڵپشتییەکی بەهێز بووە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک.
-هاووڵاتییانی ئازیزی کەرکوک
ئەڵبەت پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنێک کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە نیوان پێکهاتەکانی کەرکوک بە کورد و عەرەب و تروکمانەوە ئەنجامدراوە، ئامانجی هەموو لایەکیش خزمەتکردنی هاووڵاتییانیی کەرکوک و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە لەم پارێزگایە. لەم سۆنگەیەوە ئەم مۆدێلە لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات، دەکەین بە نەریتێک بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک و خاکی کەرکوکی پێبکەین. 

هەروەها پیرۆزبایی لە بەڕێز محەمەد سەمعان پارێزگاری نوێی کەرکوک دەکەم، بە ئومێدین وەک پارێزگاری پێشوو، بەبێ جیاوازیی خزمەتی کەرکوک و دانیشتوانەکەی بکات. هەروەک سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەم کە بە پەرۆشەوە بەشداربوون لە سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.

لە کۆتاییدا داواکارین لە خوای میهرەبان خاک و میللەتەکەمان بپارێزێت، و ئاشتی و ئۆقرەیی باڵ بەسەر پارێزگاکەماندا بکێشێت.
- سڵاو بۆ کەرکوکییە خۆڕاگرەکان
بەرەو ئارامی و ئاوەدانیی..
ئاسۆ مامەند
سەرپەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو