ئاژانسی ئیسنا لەزاری ئەحمەد موسەوی، سەرۆكی دامەزراوەی شەهیدان و كاروباری جەنگاوەرە دێرینەكان لە ئێران، نوێترین ئاماری قوربانییانی جەنگی راگەیاند و ئاماژە بەوە دەكات 3 هەزار و 4 سەد و 68 كەس بوونەتە قوربانیی بۆردوومانەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل.
بەپێی ئاماری دامەزراوەی شەهیدان رێژەی قوربانیان زیادیكردووە، بەراورد بە ئاماری پزیشكی دادوەری كە لە 12 ی نیساندا كوژرانی 3 هەزار و سێ سەدو 75 كەسی بڵاوكردبووەوە.
لە لایەكی ترەوە رێكخراوی هەرانا، كە لەچالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ پێكهاتووەو بنكەكەی لەئەمریكایە، لەرۆژی 7ی نیسان ئامارێكی جیاوازی بڵاوكردەوە، بەپێی زانیارییەكانی ئەو رێكخراوە، لانی كەم 3 هەزار و شەش سەد و 36 كەس كوژراون، كە هەزارو حەوت سەدو یەك كەس لە هاووڵاتیانی مەدەنین و لەو ژمارەیەش 254یان منداڵن، هەروەها هەزارو دووسەدوو 21 سەرباز و 714 كەسیش هێشتا ناسنامەیان ئاشكرا نەكراوە.
راگەیاندنی ئەم ئامارانە لە كاتێكدایە ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، بەهۆی سنوورداركردنی میدیاكان ئاستەنگ لەبەردەم پتڕاستكردنەوەی ئامارەكان هەیە، ناتوانرێت بە شێوەیەكی سەربەخۆ راستی و دروستیی ئاماری كوژراوەكان پشتڕاست بكرێتەوە.