قالیباف: سەرەڕای ئاگربەست هێزەكانمان لە ئامادەباشی تەواودان

عیراق 04:00 PM - 2026/04/19

 محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران هێزە چەكدارەكانی ئێران لە حاڵەتێكی ئامادەیی تەواودان بۆ شەڕ، هۆشداریشیدا لە كاردانەوەی ئێران بۆ هەر دەستدرێژییەكی لەناكاو.

قالیباف لە لێدوانێكدا رایگەیاند، متمانەمان بە دوژمن نییە، چونكە لە هەركاتێكدا ئەگەری روودانی شەڕ هەیە، بۆیە هێزە چەكدارەكانمان لە ئامادەباشییەكی تەواودان، وە هیچ كاتێك دانوستانەكان نابنە هۆی كەمتەرخەمی سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوەیی.

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران وتیشی، ئەمریكا نەیتوانی لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە داواكارییەكانی بەسەر گەلی ئێراندا بسەپێنێت، هەڕەشەكانی نەیتوانی كاریگەریی لەسەر ئێمە هەبێت، هەروەها بینی كە هێزە چەكدارەكانی ئێران لە بەرەكانی شەڕدا خۆڕاگر بوون، بۆیە لەڕێگەی وڵاتانەوە پەیامی دەنارد بۆ دانوستان، وە ئاگربەستمان كردووە، چونكە ئەمریكا داواكارییەكانی ئێرانی قبوڵ كردووە.

قالیباف ئاشكراشیكردوە، ئەمریكا خاوەنی دەسەڵاتی سەربازی و ئەزمون و سەرچاوەی باڵایە، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران لە دوایین شەڕدا، بە ئەنجامدانی شەڕێكی نایەكسان و تێكشكاندنی لە ڕێگەی پلاندانان و ئامادەكارییەكی وردەوە، سەركەوتوو بوو. 

ئەم لێدوانەی قالیباف لە كاتێكدایە لە 8ی نیساندا واشنتن و تاران ئاگربەستی دوو هەفتەیییان راگەیاند، بەڵام سەرەڕای ئاگربەستیش ئەمریكا گەمارۆی بەسەر بەندەرەكانی ئێراندا سەپاندووە، هاوكات وڵاتانی نێوەندگیریش لەهەوڵدان خولێكی تری دانوستان رێكبخەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو