نیویۆرك تایمز: كۆگای درۆنەكانی ئێران 40% ی ئاستی پێش جەنگە ئێران سەرەڕای ئەو لێدانانەی لە هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل رووبەرووی بووەتەوە، هێشتا نزیكەی 40%ی جبەخانەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی لە ژێر دەستدا ماوە.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەك بڵاویكردووەتەوە، ئێران هێشتا توانای دەستگەیشتن بە نزیكەی 70%ی كۆی مووشەكی خۆی هەیە كە پێش جەنگ هەیبوو، هەروەها 60%ی پلاتفۆرمی هەڵدانی مووشەكیشی هەیە.
رۆژنامەكە ڕوونیشیكردووەتەوە ،كاتێك ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئێران و ئەمریكا لە 8ی نیسانەوە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، تاران توانی دەستی بگات بە نزیكەی نیوەی مووشەكی هەڵگرەكانی بالستیك.
لەو كاتەوە توانیویەتی 100 مووشەكی هەڵگری تر لە ژێر زەویەوە دەربهێنێت، بەمەش كۆی گشتی مووشەكهەڵگرەكانی ئۆپراسیۆنی گەیشتە نزیكەی 60%ی كۆی گشتی پێش جەنگ.
جگە لە سەكۆكانی هەڵدانی مووشەك، رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە ،ئێران كار لەسەر دەرهێنانی هەر كۆگایەكی مووشەكیش دەكات كە لە ژێر داروپەردووی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلدا نێژرابێت.
ئێران سەرنجی لەسەر فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری شەهیدە، كە فڕۆكەی خۆكوژین و بۆ سەركوتكردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هەڵدەدرێن و دەستنیشانكردنیان لە مووشەكی بالیستی ئاسایی سەختترە.