لەكاتێكدا رێككەوتنی ئاگربەست نزیكە لەكۆتایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، سبەی ئێوارە نوێنەرەكانی بۆ ئەنجامدانی خولێكی تری دانوستان لە ئیسلام ئاباد دەبن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەترووس سۆشیاڵ نوسیوێتی،ئێران دوێنێ بڕیاریدا لەگەرووی هورمز تەقە بكات، ئەمەش پێشێلكارییەكی تەواوی رێككەوتنی ئاگربەستەكەمانە! زۆربەیان ئاراستەی كەشتییەكی فەرەنسی و كەشتییەكی بارهەڵگری بەریتانیا كرابوون.
ئەوە كارێكی باش نەبوو، ترەمپ نوسیویشێتی، نوێنەرەكانم دەچنە ئیسلامئابادی پایتەختی پاكستان، ئەوان سبەی ئێوارە لەوێ دەبن، بۆ دانوستاندن. دەشڵێت، ئێران بەبێ ئەوەی هەستی پێبكات یارمەتیمان دەدات چونكە بەهۆی داخستی گەرووی هورمزەوە، رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زەرەر دەكەن، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هیچ زەرەرێك ناكات. لەراستیدا، زۆر كەشتی ئێستا بەرەو ئەمریكا، بەرەو ویلایەتەكانی تێكساس، لویزیانا و ئەلاسكا دەڕۆن، بۆ باركردن، باسلەوەشدەكات، رێككەوتنێكی زۆر دادپەروەرانەو ژیرانە پێشكەش بە ئێران دەكەن، هیواداریشن قبوڵی بكەن، چونكە ئەگەر نەیكەن، ئەمریكا وێستگەكانی كارەباو پردەكان لەئێراندا لەناودەبات. چیتر بەنەرمی مامەڵە ناكەن و ئەگەر رێككەوتنەكە قبوڵ نەكەن، بەخێرایی دەیڕووخێن. ترەمپ لەكۆتایی پەیامەكەشیدا نوسیوێتی، دەبوو لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا لەلایەن سەرۆكەكانی ترەوە ئەم كارە بەرامبەر ئێران بكرایە.
ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو ئاگربەستە 15 رۆژەی بۆ راگرتنی شەڕ لەنێوان ئەمریكاو ئێران كراوە، لەرۆژی چوار شەممە كۆتایی دێت، شارەزایان پێیان وایە ترەمپ هەوڵدەدات پێش كۆتایی هاتنی ئاگربەست، رێككەوتن لەگەڵ تاراندا بكات و شەڕ بەتەواوی رابگرێت.