لە موسڵ سێ گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش دۆزرانەوە،كە رووفاتی دەیان كەس لە خۆ دەگرن و لە نێویشیاندا رووفاتی ژمارەیەك پێشمەرگە هەن .
لیژنەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان رایگەیاند، پڕۆسەی هەڵدانەوەی چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵیان لە بەری راستی موسڵ دەستپێكردووە كە رووفاتی قوربانیانی دەستی داعشیان تێدایە. ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی لیژنەكە دەڵێت ، تائێستا ڕوفاتی ژمارەیەك هاووڵاتی و پێشمەرگە لەو گۆڕانەدا دۆزراونەتەوە .
هەروەها زەید عەباس بەڕێوەبەری فەرمانگەی پزیشكی دادوەری لە موسڵ رایگەیاندووە، سێ گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدراونەتەوە كە دەیان روفاتیان تێدایە.
باسی لەوەشكردووە،روفاتەكان رەوانەی پزیشكی داد دەكرێن بۆ ئەنجامدانی پشكنینی دی ئێن ئەی بە مەبەستی ناسینەوە و تەسلیمكردنەوەیان بە كەسوكاریان.
عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا، كە سەرپەرشتی پڕۆسەكەی كردوە رایگەیاندووە، مێژووی ئەم گۆڕانە دەگەڕێنەوە بۆ روداوەكانی ساڵی 2015 و روفاتی ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی پێكهاتەی ئێزدی و پێشمەرگە لەناو گۆڕەكاندان، ئەمەش قەبارەی ئەو تاوانە گەورەیە نیشان دەدات كە داعش بەرامبەر هەموو پێكهاتەكان ئەنجامیداوە.