لە هەرێمی كوردستان 22 بەنداو سەرڕێژیان كردووە

کوردستان 03:10 PM - 2026/04/19

بارینی بارانێكی زۆر لەمساڵدا بڕی ئاوی كۆكراوەی پۆندو بەنداوەكانی بەرێژەیەكی بەرچاو زیادكردوەو لەكۆی 25 بەنداو لە هەرێمی كوردستان  22 یان سەرڕ‌ێژ بوون، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت:  لەڕووی ئاسایشی ئاوەوە، هەرێمی كوردستان لە ساڵێكی سەلامەتدایە.

هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند: لە كۆی ئەو 25 بەنداوەی لەهەرێمی كوردستان هەن (گەورە و بچووك و مامناوەند)، 22 بەنداو بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵەوە بەتەواوی سەرڕێژیان كردووە، هاوكات ئاستی ئاوی هەر سێ بەنداوی دوكان، دەربەندیخان و گۆمەسپان، زۆر زیادیكردووە، بەڵام بەهۆی كاریگەریی وشكەساڵیی ساڵانی پێشووەوە هێشتا سەرڕێژیان نەكردووە.

دەشڵێت، هەر بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارین لەم ساڵدا و ئەو گۆڕانكارییانەی لە كەشوهەوادا روویانداوە، جگە لە بەنداوەكان، سەرجەم پۆند و رێڕەوە ئاوییەكان لە هەرێمی كوردستان بووژاونەتەوەو بەمەش زیاتر لە حەوت ملیار مەترسێجا ئاو كۆكراوەتەوە، هاوكات پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەو جۆرەیە كە تا كۆتایی مانگی پێنج، بەردەوام دەبێت لە كۆكردنەوەی ئاو.

وتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەشكردووە: بەهۆی زۆریی ئاستی ئاوی كۆكراوە لە بەنداو و پۆندەكان، دەتوانن بڵێن بۆ ئەمساڵ هەرێمی كوردستان لە دۆخی ئاسایشی ئاو لە ساڵێكی سەلامەتدایە، هەروەها لە بواری كشتوكاڵ و چەندین بواری تردا سوودێكی زۆر لەو سەرچاوانەی ئاو وەردەگیرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو