پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ئەمنی لە جورف سەخر كەمتر لە مانگێك تەواو دەبێت

عیراق 01:23 PM - 2026/11/22

هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی عیراق، هەرسێ بازگە سەرەكییەكەی ناوچەی جورف سەخریان وەرگرتووە و پرۆسەی جێگۆڕكێ و بڵاوەپێكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان بەبێ هیچ ئاستەنگێك بەڕێوەدەچێت و پێشبینیش دەكرێت پرۆسەی تەسلیمكردن و وەرگرتنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی كەمتر لە مانگێك بە تەواوی كۆتایی بێت.

فەریق سەعد مەعن سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق ڕایگەیاند،یەكەم هێز كە ناوچەكەی جێهێشتووە فەوجی یەكی لیوای 45 ی حەشدی شەعبی بووە و هێزێكی جێگرەوە ئەركەكانی وەرگرتووە، هاوكات پرۆسەكە ناوچەكانی لیواكانی 72 و 79 ش  دەگرێتەوە.بە وتەی سەعد مەعن،پۆلیسی فیدراڵی هەرسێ بازگەی سەرەكیی (ئەنوار، شوهەدا و تەحریر)ی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حەشدی شەعبی وەرگرتووە.

هەروەها ڕێگای فازڵیەی بە درێژایی زیاتر لە 30 كیلۆمەتر پاراستووە و ئەو ڕێگا سەرەكییەشی كردووەتەوە كە دەگاتە كەربەلا، كە پێشتر تەنها لە كاتی زیارەتەكاندا دەكرایەوە.سەعد مەعن باسی لەوەشكردووە،پۆلیسی وزە 12 خاڵی ئەمنی بە درێژایی 5 كیلۆمەتر و 200 مەتر بۆ پاراستنی بۆرییە نەوتییەكان داناوە.

هاوكات لیوای 38 ی  سوپای عیراق ئەركی پاراستنی بەربەستی سنووریی نێوان ناوچەكە و ئۆپراسیۆنەكانی ئەنباری بە درێژایی 38 كیلۆمەتر گرتووەتە ئەستۆ.سەبارەت بە ماوەی تەواوبوونی پرۆسەكە، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق ، ئاماژەی بەوە كرد گواستنەوەی چەك، كەرەستە و سیستەمی پەیوەندییەكان چەند هەفتەیەكی كەمی پێدەچێت.

تەئكیدیشە كردەوە كە دۆخی ئەمنی سەقامگیرە، بەڵام ناوچەكە پێویستی بە پاككردنەوە لە پاشماوەی جەنگ و تەقەمەنی هەیە لەلایەن تیمەكانی ئەندازەی سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنییەوە.

لە كۆتاییدا سەرۆكی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دووپاتی كردەوە كە گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی جورف سەخر لە پێشینەی كارەكانی حكومەتە،بە جۆرێك دوای تەواوبوونی بڵاوەپێكردنی هێزەكان و پاككردنەوەی مین و تەقەمەنی و ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی، دەست دەكرێت بە نوێكردنەوەی  ژێرخان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان، كە بۆ ئەم مەبەستەش لە بودجەی ساڵی 2027دا بڕە پارەی تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە تەرخان دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو