ئۆكرانیا لە لێواری كارەساتێكی دیمۆگرافیدایە

عیراق 11:17 AM - 2026/11/22

ئۆكرانیا رووبەڕووی داڕمانێكی مەترسیداری دیمۆگرافی بووەتەوە، بەپێی پێشبینییە زانستییەكان، تا ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە 45 ملیۆنەوە بۆ نزیكەی 26 ملیۆن كەس دادەبەزێت و شەڕیش هاوسەنگیی نێوان گەنجان و ڕەگەزەكان بە تەواوی تێكدەدات.

ئەلێكساندەر گلادۆن جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگای دیمۆگرافیا لە ئەكادیمیای زانستیی ئۆكرانیا، پێشبینیی داڕمانێكی گەورەی دیمۆگرافی لە وڵاتەكەیدا دەكات و رایگەیاندووە ،رەنگە تا ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووانی ئۆكرانیا بۆ 26 ملیۆن و 200 هەزار كەس داببەزێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی ئامارە رەسمییەكانی دەستەی ئاماری ئۆكرانیا، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە كانوونی دووەمی ساڵی 2014دا 45 ملیۆن و 400 هەزار كەس بووە، و لە ساڵی 1991یشدا لە نێوان 51بۆ 52 ملیۆن كەسدا بووە.گلادۆن ئاماژەی بەوە كردووە ، ژمارەی دانیشتووان لەو ناوچانەی لە سەرەتای ساڵی 2026 دا لە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی كیێڤدا بوون، زیاتر لە 27 ملیۆن كەس بووە.

بە وتەی ئەو، ئەگەر سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی كیێڤ بەم شێوەیەی ئێستا بمێننەوە، ئەوا تا ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووان زیاتر دادەبەزێت و لە نێوان 25 بۆ 26ملیۆن كەسدا جێگیر دەبێت.

جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگای دیمۆگرافیا هۆشداریی داوە لە تێكچوونی هاوسەنگیی تەمەن و ڕەگەز لە كۆمەڵگەی ئۆكرانیدا،بە جۆرێك كە پێشبینی دەكرێت ڕێژەی گەنجان بەردەوام لە كەمبوونەوەدا بێت و ڕێژەی بەساڵاچوون بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە.هاوكات بەهۆی زیانە گیانییەكانی شەڕەوە، جیاوازیی نێوان ژمارەی ژنان و پیاوان زۆر زیاتر دەبێت و ژمارەی ژنان بە ڕێژەیەكی بەرچاو لە پیاوان تێپەڕ دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو