لێپرسراوێكی بانكی ناوەندیی عیراق قەبارەی ئێستای یەدەگی دراوی وڵات ئاشكرا دەكات و دەڵێت، 78ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە و هێشتا لە ئاستێكی بەرز و دڵنیاكەرەوەدایە لەكاتێكدا بەراورد بە مانگی رابردوو دوو ملیار دۆلار دابەزیوە.
مەحموود داغر وتەبێژی بانكی ناوەندیی عیراق لەبارەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی، ئاماژەی بەوە كرد ،مەبەستی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە فرۆشتنی دۆلار بەنرخی رەسمی دۆلاری كاش نەبووە، چونكە دۆلاری كاش بۆ گەشتیاران هەر لە بنەڕەتدا بە نرخی رەسمی دەفرۆشرێت، بەڵكو مەبەست لێی ئەوە بووە كە بانكەكان نابێت هیچ عمولە و باجێكی زیادە بخەنە سەر شانی بازرگانان و خاوەن پرۆژەكان لە كاتی بەكارهێنانی حەواڵە.
سەبارەت بە دۆخی دارایی و قەبارەی یەدەگی دراوی بیانیی عیراق، مەحموود داغر وتی: ئێستا قەبارەی یەدەگی دراوی بیانیی عیراق 78.5 ملیار دۆلارە، ئەم بڕەش هێشتا لە ئاستێكی گونجاو و بەرزدایە.لەبارەی هۆكاری دابەزینی قەبارەی یەدەگەكەشی بەراورد بە مانگی رابردوو كە 80 ملیار دۆلار بوو، لێپرسراوەكەی بانكی ناوەندی روونیكردەوە كە دابەزینەكە بەهۆی دابینكردنی تەواوی پێداویستییەكانی عیراق بووە بە دۆلار بۆ هاوردەكردن.
سەبارەت بەوەی ئایا بانكی ناوەندی توانای دابینكردنی تەواوی داخوازیی بازاڕی هەیە لە رووی دۆلاری كاش و حەواڵە، مەحموود داغر ئاماژەی بەوە كرد: بانكی ناوەندیی عیراق تەواوی داواكارییەكانی گەشتیاران دابین دەكات و هەرگیز لە دابینكردنی پێویستیی بازرگانانیش پاشەكشە ناكات.
هەر داواكارییەكی شەرعی كە لە رێگەی بانكەكانەوە لەلایەن بازرگانانەوە پێشكەش بكرێت، دابین دەكرێت. هەروەها هەموو داواكاریی گەشتیارانیش بێ دواكەوتن جێبەجێ دەكرێت. لەبارەی پرسی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی رەسمی لە هەرێمی كوردستان، لێپرسراوەكەی بانكی ناوەندی رایگەیاند كە بابەتەكە هێشتا پێویستی بە بەدواداچوونی زیاتر هەیە.