حووسییەكان هێرش بۆ سەر مەككە رەتدەكەنەوە

عیراق 01:51 PM - 2026/11/22

 وتەبێژی سەربازیی حووسییەكانی یەمەن ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانیان هیچ هێرشێك یان هەڕەشەیەكیان بۆ سەر شاری مەككە نەكردووە و ئۆپەراسیۆنەكانیان تەنیا دامەزراوە نەوتییەكان و بنكە سەربازییەكانی سعوودیە دەكاتە ئامانج.

ئەمڕۆ یەكشەممە، یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەكانی یەمەن لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردەوە، هیچ مەترسییەك لەلایەن ئەوانەوە لەسەر مەككە نییە و گەلی یەمەن پیرۆزیی مەككە و شوێنە پیرۆزەكانی ئیسلام دەپارێزێت.

ئەم ڕوونكردنەوەیەی حووسییەكان دوای ئەوە هات، ئێوارەی دوێنێ شەممە، بەرگریی شارستانیی سعوودیە زەنگی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی لە چەند ناوچەیەكی مەككە لێ دا و داوای لە دانیشتووان كرد بچنە شوێنە پارێزراوەكان. دوای ئەوەش هاوپەیمانیی عەرەبی تێكشكاندنی مووشەكێكی بالیستیی ڕاگەیاند كە ئاراستەی ناوچەكانی ڕۆژئاوای سعوودیە كرابوو.

یەحیا سەریع ئەو زانیارییانەی دەسەڵاتدارانی سعوودیەی سەبارەت بە بوونی مەترسی لەسەر مەككە بە "بوختانێكی گەورە" ناوبرد و دووپاتی كردەوە كە لیستی ئامانجەكانی هێزەكانیان لە ناو خاكی سعوودیەدا تەنیا پێگە سەربازییەكان و دامەزراوە نەوتییەكانن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو