پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2027 دیاری كرا و بەغدا حەوت مەرج دادەنێت

کوردستان 09:30 AM - 2026/11/22

ڕەشنوسی بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027 پشكی هەرێمی بە زیاتر لە 12 تریلیۆن و 859 ملیار دینار دیاری كردوە، بە مەرجی تەسلیمكردنی 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و داهاتی نانەوتی. بەغدا ناردنی مانگانەی پارەی موچەی بەستوەتەوە بە جێبەجێكردنی تەواوی حەوت مەرجە یاساییەكە.

بەپێی كۆپییەكی ئەو ڕەشنوسی بودجەی 2027 ی  عیراق كە دەست كەناڵی گەلی كوردستان كەوتووە ، پشكی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی لەسەدا 12 پۆینت حەوت  لەسەد لە خەرجیی فیعلی خەمڵێنراوە كە دەگاتە 12 تریلیۆن و 859 ملیار دینار. بەپێی ماددەی 10ی پڕۆژەكە، 12 تریلیۆن و 358 ملیار دینار بۆ خەرجیی بەگەڕخستن و موچە و 501 ملیار دیناریش بۆ وەبەرهێنان تەرخان كراوە.

ماددەكە حەوت مەرج و پابەندیی لەخۆگرتوە، دیارترینیان یەكلاكردنەوەی شایستە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە بۆ ساڵانی 2004-2026، كە بڕەكەی 9 تریلیۆن و 329 ملیار دینارە، لە ماوەی حەوت ساڵدا، سەرەڕای خشتەبەندكردنی قەرزەكانی هەرێم كە بڕەكەی 3 تریلیۆن و 446 ملیار دینارە بۆ بانكی بازرگانیی عیراق و بانكە حكومی و تایبەتەكان، و بڕینی بە قیستی مانگانە لە پشكەكەی لە سەرەتای ساڵی 2027ـەوە و بۆ ماوەی حەوت ساڵ.

هەر بەپێی ڕەشنوسەكە، هەرێم پابەند دەكرێت بە تەسلیمكردنی لانیكەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهان یان بەكارهێنانی ناوخۆیی، تەسلیمكردنی داهاتی نانەوتی و گازی زیادە، و قەدەغەكردنی ئەنجامدانی گرێبەستی نەوت و غاز بەبێ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە پاڵ دانەوەی قەرزە كەڵەكەبوەكان لە ماوەی 7 ساڵدا كە مانگانە لە بەشەبودجەی هەرێم دەبڕدرێت.

لە دەقی ڕەشنوسی یاسای بودجەی 2027ی عیراقدا هاتوە،  ناردنی مانگانەی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە دوای جێبەجێكردنی سەرجەم پابەندییە دیاریكراوەكان دەبێت؛ هەروەها هەمو سێ مانگ جارێك وردبینی بۆ داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان دەكرێت و جێبەجێكردنی مەرجەكان بنەمای سەرەكیی بەردەوامیی تەمویل دەبێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو