لە رۆژی شەهیدی یەكێتیدا چەند چالاكییەك لە كفری بەڕێوەچوون
لە قەزای كفری و لە مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رۆژی شەهیدی یەكێتیدا رێوڕەسمێكی شایستە و چەند چالاكییەكی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەكان، لێپرسراوانی مەڵبەندی یەكێتی و مەڵبەندی حزبی شیوعی كوردستان و دۆست و لایەنگرانی حزبەكە ئامادەبوون، شكۆی ئەم یادە بەرزڕاگیرا.
هەر لە چوارچێوەی چالاكییەكانی ئەو یادەدا و وەك وەفایەك بۆ خوێنی شەهیدان، جووتسایدێكی قەزای كفری بە رەسمی ناونرا "شەهیدانی داستانی كفری - سەرقەڵا".
جێگەی ئاماژەیە، لەو داستانە مێژووییەدا "واتا داستانی كفری - سەرقەڵا" پێشمەرگە قارەمانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبی شیوعی و حزبی سۆسیالیستی كوردستان، بە بەخشینی خوێنی 13 شەهید و ژمارەیەك بریندار، نەبەردییەكی بێوێنەیان تۆماركرد و زەرەر و زیانێكی گەورەیان بە هێزەكانی رژێمی پێشووی عیراق گەیاند.