پزیشكیان:پیلانی وڵاتە زلهێزەكانمان بۆ رووخانی ئێران پووچەڵكردەوە

عیراق 03:28 PM - 2026/11/21

مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران رایدەگەیەنێت ،پیلانەكانی وڵاتانی زلهێز بۆ رووخاندنی وڵاتەكەی تەنها خەیاڵێك  بووە و بە خۆڕاگریی گەل و هێزە چەكدارەكان پووچەڵ كراونەتەوە. وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێرانیش دەڵێت، هێزە چەكدارەكانیان خاوەنی یەدەگێكی ستراتیژیی تەواون لە بواری دابینكردنی چەك و تەقەمەنیدا.

پزیشكیان لە وتارێكدا لە كۆنفرانسی ساڵانەی وەبەرهێنان لە ئێران تەئكیدی  كردەوە كە وڵاتەكەی سەركەوتوو بووە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان، و توانیویەتی پیلانەكانی جەنگی ئابووری تێكبشكێنێت. سەرۆككۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشكرد،دوژمن وای دەزانی دەتوانێت ئێران بەچۆكدا بهێنێت، بەڵام شێوازی بەڕێوەبردنی بازار و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وایكردووە دوژمن تووشی نائومێدی بێت.

پزیشكیان دووپاتی كردەوە كە لە جەنگی ئابووریدا كارەكان بە باشی بەڕێوەدەچن و ئەمەش بەهۆی هەوڵی دڵسۆزان ونیشتمانپەروەرانی وڵاتەوەیە. هاوكات وتیشی،وڵاتە زلهێزەكان  هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ڕووخاندنی وڵات، بەڵام گەلی ئێران و هێزە چەكدارەكان رێگەیان پێ نەدان بە ئامانجەكانیان بگەن.

هەرلەوچوارچێوەیەدا عەمید رەزا تەڵایی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران، بانگەشەكانی ئەمریكای سەبارەت بە لاوازبوونی تواناكانی ئێران رەتكردەوە و رایگەیاند ،تواناكانی پاڵپشتیكردنی هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە.تەڵایی ڕوونی كردەوە ، دامەزراوەی پیشەسازییەكانی بەرگری بە سوودوەرگرتن لە توانای زانایان و بژاردەكانی ناوخۆ، و بە پشتبەستن بەو ئەزموونە مەیدانییانەی لە بەكارهێنانی مووشەك، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و سیستەمەكانی جەنگی ئەلیكترۆنیدا بەدەست هاتوون، توانیویانە چەندین كەرەستە و چەكی نوێ بەرهەم بهێنن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئاشكراشیكرد ،هێزە چەكدارەكانی ئێران خاوەنی یەدەگێكی ستراتیژیی تەواون لە بواری دابینكردنی چەك و تەقەمەنیدا، ئەمەش ئاستی بەرزی ئامادەباشی و هێزی بەرپەرچدانەوەی وڵاتەكە نیشان دەدات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەكی دەرەكیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو