دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ستایشی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات و بەكەسایەتییەكی بەهێز ناوی دەبات كە توانای جێبەجێكردنی بڕیارەكانی هەیە.
دۆناڵد ترەمپ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەتوانای زەیدی بۆ كۆنترۆڵكردنی گرووپە چەكدارەكان وتی، سەرۆك وەزیرانی عیراق پیاوێكی بەهێزەو هاوڕێی منە، هەر كاتێك بیەوێت كارێك بكات، توانای ئەنجامدانی هەیە. ترەمپ ئاماژەی بەپشتگیرییەكانی خۆی كرد بۆ زەیدی لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا و بە هۆكاری سەركەوتنە گەورەكەی لە قەڵەمدا.
ئەم لێدوانانەی سەرۆكی ئەمریكا هاوكاتن لەگەڵ تاقیكردنەوەیەكی سەخت و مێژوویی بۆ حكومەتەكەی زەیدی، كە هەوڵ دەدات چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا قەتیس بكات. لەم چوارچێوەیەدا، رۆژی هەینی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە چوارچێوەی بارەگای كۆنترۆڵ كە لە یەكەكانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی نەوت پێكهاتوون، بڵاوەیان پێكرا لە ناوچەی جورف سەخر و دەستیان بەسەر بارەگا و ناوەندەكانی كەتایبی حزبوڵادا گرت. ئەم ناوچەیە زیاتر لە 12 ساڵ بوو لە ژێر هەژموونی ئەو گرووپە چەكدارەدا بوو.
ئەم جووڵە سەربازی و ئەمنییە دوای ئەوە هات كە حكومەتی زەیدی مۆڵەتێكی دیاریكراوی دابووە كەتایبی حزبوڵا بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە، هاوكات نۆ لێپرسراوی ئیداری و سەركردەی ئەمنیشی لە پۆستەكانیان دوورخستەوە بە تۆمەتی تێوەگلان لەگەڵ ئەو گرووپە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتدا. هەروەها زەیدی بڕیاری دا ڕێگری لە چوونە ژوورەوە بكرێت بۆ ناوچەكە تا دۆخەكە بە تەواوی كۆنترۆڵ دەكرێت.