بەبۆنەی رۆژی شەهیدی یەکێتییەوە، سڵاوی رێزو وەفا دەنێرم بۆ گیانی پیرۆزی شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تەواوی شەهیدانی کوردستان و خانەوادە سەربەرزەکانیان.
لەنیو سەدەی رابردووی مێژووی پڕ لە سەروەری دامەزراندنیدا، یەکێتی ئەوەندە شەهیدی بەخشیوەتە خاکی پیرۆزی کورستان کە نازناوی حزبی شەهیدانی لێبنرێت. حزبێک کە سەرکردەکانی هێڵی یەکەمی لەپێش ئەندام و کادیرەکانییەوە لە زیندانەکانی رژێمی بەعسدا رووبەڕووی پەتی سێدارە بوونەوەو درووشمی " کەم بژی و کەڵ بژی" یان کردە وێردی سەرزمانی نەوە شۆڕشگێڕەکانی پاش خۆیان.
بەدرێژایی ساڵانی شۆڕش و دواتریش لە سەردەمی داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش، پێشمەرگە و لایەنگر و کادیرو سەرکردەکانی یەکێتی نموونەی مرۆڤی گیانفیدا و قوربانیدەر بوون بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان و پارێزگاریکردن لە ئارامی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک. هەربۆیە تەواوی یەکێتییەکان مافی خۆیانە شانازی بەو رابردووە پرشنگدارەی خۆیانەوە بکەن و مێژووەکەیان بکەن بە هەوێنی درێژەدان بەو گیانبازییە.
لەم یادە پیرۆزەدا، جەخت لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و، باشتر خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەینەوە، بەجۆرێک کە شیاوی ئەو قوربانیدانە گەورەیە بێت کە لەلاپەڕەکانی مێژووی میللەتەکەماندا بەخوێنی پیرۆزی رۆڵەکانیان نەخشاندوویانە.
جارێکی تر سەری رێز و نەوازش بۆ گڵکۆی بەرزی شەهیدانی یەکێتی و تەواوی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دادەنەوێنین.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
21ی تەشرینی دووەمی 2026