پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەكات

کوردستان 09:40 AM - 2026/11/21

بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێبكات ویەكەم وێستگەی دەستپێكردنی ئەم پرۆسەیەش لە قەزای پێنجوێنەوەیە ،وەك ناوچەیەكی شاخاوی و سارد كە پێش ناوچەكانی تر پێویستی بە سووتەمەنی هەیە.

بەپێی وتەی شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی، ئەو نەوتە سپییەی كە دابەش دەكرێت، لە چوارچێوەی ئەو بڕە نەوتەدایە كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵیی عیراقەوە پاڵپشتی كراوە و بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە.
سەبارەت بە پلانی دابەشكردنەكە،شاهۆ عوسمان رایگەیاندووە، ئیدارەی پارێزگای سلێمانی میكانیزمێكی دیاریكراوی داناوە كە لەسەر بنەمای پلەی گەرما و هەڵكەوتەی جوگرافیی ناوچەكان ڕێكخراوە. بەو پێیەش، ئەولەویەت دراوە بە ناوچە شاخاوی و ساردەكان، كە تێیدا قەزای پێنجوێن وەك خاڵی دەستپێك دیاریكراوە.

دواتر پرۆسەكە قەزا و ناحیە ساردەكانی تری سنووری پارێزگاكە دەگرێتەوە، تا دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەر لە هاتنی شەپۆلە سەختەكانی سەرما و بەفربارین، بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن.جێگری پارێزگاری سلێمانی تەئكیدی لەوەش كردووەتەوە كە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەم و دابەشكردنی نەوت بەسەر تەواوی ناوچە ساردەكاندا، پرۆسەكە دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری شاری سلێمانی و قەزاكانی تر . 

ناردنی ئەم بڕە نەوتە  دوای ئەوە دێت كە فراكسیۆنی یەكێتیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رەزامەندی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و وەزیری نەوتی عیراقی وەرگرت بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان.

دواتریش بەهەولێ عیزەت سابیر بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقدا بە رەسمی بڕیاری دابینكردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپیی بۆ هەرێمی كوردستان پەسەندكرا. وەزارەتی نەوتی عیراق ئەم بڕە نەوتە بە نرخی پاڵپشتیكراو و رەسمی  دەداتە هەرێم كە 250 دینارە بۆ هەر لیترێك.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو