كۆنگرێسی ئەمریكا دەنگ لەسەر دوورخستنەوەی پیت هێگسێت دەدات

عیراق 02:42 PM - 2026/11/07

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا خۆی بۆ دەنگدانێكی مێژوویی لەسەر دوورخستنەوە و لێپێچینەوە لە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریكا ئامادە دەكات. ئەم جووڵە بەپەلەیە دوای ئەوە دێت كە پارتی كۆماری لە هەڵبژاردنەكانی ناوەڕاستی خولی كۆنگرێسدا كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بەڕێوەچوو تووشی شكستێكی مێژوویی و گەورە بوو، بەشێكی زۆری لێپرسراوانیش هێگسێت بە بەرپرسیار دەزانن.

تۆماس ماسی ئەندامی كۆنگرێس لە پارتی كۆماری ڕایگەیاندووە ،پیت هێگسێت تواناكانی ئەمریكای لە جەنگی دژ بە ئێراندا زۆر گەورە كردووە و هاندەری سەرەكیی  دۆناڵد ترەمپ بووە بۆ هێرشكردنە سەر تاران بەبێ ئەوەی هیچ پلانێكی كشانەوە یان ستراتیژییەكی روونی بۆ قۆناغەكانی دوای هێرشەكە هەبێت.

یاسادانەران دەڵێن هێرشە سەربازییەكان ئامانجی چاوەڕوانكراوی خۆیان نەپێكاوە، جەنگەكە درێژەی كێشاوە و زیانی گەورەی ئابووری و سیاسی بە ئەمریكا گەیاندووە، ئەمەش هۆكاری سەرەكی بووە كە دەنگدەرانی ئەمریكی لە هەڵبژاردنەكاندا سزای پارتی كۆماری بدەن.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا كاتێك ئەندامانی كۆنگرێس دەگەڕێنەوە واشنتۆن، تۆماس ماسی بە شێوەیەكی رەسمی هەشت ماددەی لێپێچینەوە دژ بە هێگسێت بخاتە دەنگدانەوە.چەندین سەرچاوە لە ناو پارتی كۆمارییەوە بە میدیاكانیان راگەیاندووە ،پێشبینی دەكەن دەنگدانەكە لە ئەنجومەنی نوێنەران سەركەوتووبێت و هێگست متمانەی لێ بسەندرێتەوە.

هاوكات دۆناڵد ترەمپ بە ئاشكرا پشتگیری وەزیرەكەی دەكات و رایگەیاندووە هێگسێت كارێكی باش دەكات و بەنیازی دوورخستنەوەی نییە. لە بەرامبەریشدا، پیت هێگسێت لە ڤیدیۆیەكدا هێرشی كردە سەر نەیارەكانی و پرۆسەی لێپێچینەوەكەی بە شانۆگەرییەكی سیاسی ساختە ناوبرد و بەڵێنی دا كە دەستبەرداری پۆستەكەی نەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو