رۆیتەرز: ئێران پێشنیارێكی نوێی لەبارەی دۆسییەی ئەتۆمیی داوەتە ئەمریكا
لێپرسراوێكی ئێران دەڵێت، تاران لە رێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەكانەوە پێشنیارێكی نوێی تایبەت بە دۆسییەی ئەتۆمی تەسلیمی ئەمریكا كردووە، واشنتۆنیش سەرقاڵی پێداچوونەوەی پێشنیارەكەیە.
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێكی ئێرانەوە بڵاویكردەوە، تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەكانەوە پێشنیارێكی نوێی تایبەت بە دۆسییەی ئەتۆمی تەسلیمی ئەمریكا كردووە. واشنتۆن سەرقاڵی پێداچوونەوەی پێشنیارەكەیە، بەڵام تا ئەو كاتەی حەوت داواكارییەكەی ئێران بەدی نەهێنرێن، ناكرێتە بابەتی دانوستان.
لەم كاتەدا هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكان بەردەوامن، تاران تەئكید لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەكانی، ئاسانكاری بۆ هەناردەی نەوت، ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانیو گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر گەرووی هورموز دەكاتەوە پێش دەستپێكردنی دانوستانی ئەتۆمی. لەبەرامبەردا واشنتۆن داوا دەكات بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە سەرەتای دانوستانەكاندا بگونجێنرێت و بكرێتە تەوەرەی سەرەكی.
لەلایەكی ترەوە، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ئاماژەی بەوەكردووە، ئامادەیی تاران بۆ تاوتوێكردنی پێشنیارەكان وەك بەرەوپێشچوونێك لە دەستپێشخەرییەكەی قەتەر دەبینرێت بۆ رێگریكردن لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ، هەرچەندە هێشتا بڕیاری كۆتایی لەلایەن ئێرانەوە نەدراوە.