چاودێرێکی سیاسی: کاتی ئەوەیە سزای سیاسی و ئابوری سەر ئەم زۆنە هەڵگیرێت
چەندین ساڵە لایەنێک دەیەوێت ئیرادەی خۆی زاڵ بکات بەسەر سنورێکی بەرینی جوگرافیدا کە حوکمی ئەویان قبوڵ نیە و دەنگی نادەنێ، چاودێرێکی سیاسیش رایدەگەیەنێت: ئێستا کاتی کۆتایهێنانە بە تەوژمی سزا سیاسی و ئابوریەکانی سەر ئەم زۆنە.
بەیار عومەر عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی رایدەگەیەنێت: پارتی بەم هەڵسوکەوتەی، پاساوێکی بەهێزی دا بە دەستەوە بۆ ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی، ئێستا کاتی ئەوەیە لایەنەکانی وەکو (یەکێتی، نەوەی نوێ، هەڵوێست، کۆمەڵ، یەکگرتوو و هەندێک لە پێکهاتەکان) ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە، بۆ ئەوەی بونیاد و هەیکەلی حوکمڕانی بە شێوازێک دابڕێژنەوە کە کراوەتر و دادپەروەرانەتر بێت، و تێیدا خەڵکی هەر پارێزگا و ناوچەیەک بڕیار لە ژیان، و گوزەران و ئابوری خۆیان بدەن و چیتر چاوەڕێی پەرلەمانێکی کارتۆنی نەبن.
لە بارەی هەڵسوکەوتەکانی پارتی، بەیار عومەر، روونیدەکاتەوە: پارتی
لە گوتاردا خۆیان کردووە بە پاڵەوانی کوردایەتی و پاراستنی قەوارە؛ بەڵام لە کرداردا بوونەتە گۆڕهەڵکەنی سیاسی بۆ لەچاڵنانی هەرێمی کوردستان، ئەم سەرکێشیە سیاسیە، پەرلەمان و حکومەتی گۆڕی بە قاوغێکی بێدەسەڵات، و دەرگاشی بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە کردەوە بۆ دەستوەردانی زیاتر و سەرەنجام لاوازتربوونی هەرێم.
لە کۆتایشدا، بیار عومەر عەبدوڵڵا دەڵێت ئەم جوگرافیایەی ئێمە ڕێکبخرێتەوە؛ وەکو (دوو زۆن لە چوارچێوەی هەرێمێکدا) یان وەکو (دوو هەرێم لە چوارچێوەی کۆنفیدرالیەتێکدا)؛ یان (هەر پارێزگایەک دەسەڵاتی ئیداری و ئابوری تەواوی بدرێتێ بۆ خۆبەڕێوەبردن)، واتە ناوی مۆدێلە سیاسیەکە چی بێت گرنگ نیە؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە فەلسەفەی حکومڕانی بگۆڕێت و کرانەوە ڕووبدات و هەر ناوچە و پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ ئازادبن لە شێوازی بەڕێوەبردنی خۆیاندا.