ئەردۆگان: پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە
سەرۆكی توركیا رەتیدەكاتەوە پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە سستیی تێكەوتبێت و تەئكید دەكاتەوە، پرۆژە ئاشتی بەردەوامە و ئێستا ئەشكەوتەكانی ئەو پارتە لەودیوو سنوورەكان چۆڵ دەكرێن.
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا لە كاتی گەڕانەوەی لە سەردانە رەسمییەكەی بۆ شاری سیئۆلی پایتەختی كۆریای باشوور، لە فڕۆكەكەدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی و پرۆسەی چەكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەردەوامە و هیچ پاشەكشەیەك لەو بارەیەوە ناكەن.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هەبوونی سستی یان لەمپەر لەبەردەم پرۆسەی چەكداناندا وتی، پرۆسەكە لەو چوارچێوەیەی یاسا دیاری كردووە بەردەوامە و بە هیچ جۆرێك سازشی لێ ناكەن. هەروەها باسی لەوە كرد، بە وردییەوە چاودێریی هەنگاوەكان دەكەن و لەوانەیە هەندێك جار بەهۆی هەستیاریی بابەتەكەوە هەندێك لە پێشكەوتنەكان دەرنەكەون، بەڵام پێداگریی ئەوان زۆر روون و نەگۆڕە.
ئەردۆگان ئاشكرای كرد، ئەشكەوت و بنكەكانی پەكەكە لە ئەودیوی سنوورەكان هەنگاو بە هەنگاو چۆڵ دەكرێن و كارەكانی دەستنیشانكردن و پشتڕاستكردنەوەش وەك ئەوەی پلانی بۆ داڕێژراوە بەڕێوەدەچن.
سەرۆكی توركیا ئەوەشی روونكردەوە، دەستەیەك بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆك كۆمار و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەت، بە تەواوی ئاگاداری وردەكارییەكانن و كۆنترۆڵی دۆسێیەكەیان لە دەستدایە.
سەبارەت بە هەنگاوەكانی داهاتووش، ئەردۆگان وتوویەتی، دوای ئەوەی چەكدانانەكە بە تەواوەتی جێبەجێ كرا و بە كردار پشتڕاست كرایەوە، دەچنە قۆناغێكی نوێوە. وتیشی، چارەسەركردنی پرسێكی وا گەورە پێویستی بە بەڕێوەبردنێكی زۆر هەستیار هەیە، بۆیە گرنگ نییە لە چ لایەكەوە چ قسەیەك دەكرێت، ئەوان سەرجەم ئەو ئەشكەوتانە چۆڵ دەكەن.
لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2024وە، دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی كرد عەبدوڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی توركیا و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە رابگەیەنێت، قۆناغێكی نوێی رەوتی ئاشتی لە توركیا دەستی پێكرد.