وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشدارییەكی توند و بەپەلە ئاڕاستەی هاووڵاتییانی وڵاتەكەی دەكات

عیراق 09:39 AM - 2026/11/07

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشدارییەكی توند و بەپەلە ئاڕاستەی هاووڵاتییانی وڵاتەكەی دەكات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی ناوچەكە رادەگەیەنێت . ئەم بڕیارە دوای تێكچوونی خێرای دۆخی ئەمنی و پێكدادانە سەربازییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران دێت .

بەپێی راگەیەنراوی  وەزارەتەكە، نوێترین پێشهاتە ئەمنییەكان لە ناوچەكەدا مەترسییەكی راستەوخۆیان لەسەر هێڵە ئاسمانییەكان دروستكردووە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی پەككەوتنی تەواوی گەشتە بازرگانی و مەدەنییەكان،واشنتۆن داوا لە هاووڵاتییانی دەكات لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیاندا، بە وردی چاودێری دوایین ڕێنماییە ئەمنییەكان بكەن و پلانەكانی گەشتكردنیان بگۆڕن .

هۆشدارییەكە بە دیاریكراوی تیشك دەخاتە سەر مەترسیی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئێران و حوسییەكانی یەمەنەوە بۆ سەر بەرژەوەندی و هاووڵاتییانی ئەمریكی لە ناوچەكەدا . 

ئەم نیگەرانییە دوای ئەوە دێت كە گرژییەكان لە گەرووی هورمز و دوورگەی قشم گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست، بە تایبەت دوای هێرشەكەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ سەر سیستەمە بەرگرییەكانی ئێران و خستنەخوارەوەی درۆنێكی ئەمریكی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە .ئەم دۆخە نەك تەنها گەشتە ئاسمانییەكان، بەڵكو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەكانی گواستنەوەی نەوتیشی لە كەنداودا رووبەڕووی هەڕەشە كردووەتەوە.

باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە چەندین وڵاتی ناوچەكە ڕێوشوێنی توندی ئەمنییان گرتووەتەبەر و داوا لە هاووڵاتییانیان دەكەن لە شوێنە گشتییەكان دووربكەونەوە و ئامادەكاری بكەن بۆ هەر ئەگەرێكی لەناكاو یان نەمانی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ دەرەوەی ناوچەكە .

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو